بە درۆن و مووشەک هێرشکرایە سەر بنکەیەکی ئاسمانیی ئەمریکا لە عێراق

هەولێر  – نۆرس پرێس

درەنگانی ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە، لە لایەن گروپێکەوە بە ناوی “مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق” کە بە حەماسی عێراق ناسراوە، بە درۆن و مووشەک هێرشکرایە سەر بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە ئەنبار کە هێزێکی سەربازیی ئەمریکای تێدا جێگیرکراوە.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، لەزاری سەرچاوە ئەمنییەکانەوە بڵاویکردەوە، کەوا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک هێرشکراوەتە سەر بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە عێراق و دەنگی تەقینەوە لەناو ئەو بنکەیەدا بیستراوە.

حەماسی عێراق، کە گروپێکی چەکداریی سەر بە ئێرانە، لە رێگەی ناسێنەرەکانیەوە رایگەیاند، کە دوێنێ شەو بە ژمارەیەک مووشەک بنکەی سەربازیی عەین ئەسەدیان لە پارێزگای ئەنبار کردووەتە ئامانج و ئامانجەکانیان راستەوخۆ و بە وردی پێکاوە.

لە کاتێکی دواتردا، پات رایدەر، گوتەبێژی پێنتاگۆن، لە میانەی گوتارێکدا رایگەیاند، لە “رێگەی سێ درۆنەوە هێرش کراوەتە سەر بنکەی عەین ئەسەد و چەند کەسێک بە سووکی برینداربوون”.

ئاماژەی بەوەشدا، “بەرپەرچی بەئامانجگرتنی هێزەکانمان لە بنکەی سەربازی عەین ئەسەد دایەوە و هەماهەنگی زیاتر بۆ پاراستنی هێزەکانمان لە ناوچەکە دەکەین”.

گوتیشی، “ژمارەی فڕۆکە جەنگییەکانمان لە ناوچەکە زیاد دەکەین و پاش هێرشەکانی سەر عێراق و سووریا رێوشوێنی پێویست دەگەرینەبەر”.

راشیگەیاند، کە ئەوان بە جددی مامەڵە لەگەڵ هەڕەشەکان دەکەن دژ بە هێزەکانیان.

گرووپی چەکداریی “مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق” کە بە حەماسی عێراق خۆی دەناسێنێت، هێشتا پێکهاتە و سەرکردەکانی ئاشکرانەکردووە و لە دوای جەنگی نێوان بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی و ئیسرائیلەوە دەرکەوتووە.

چەند رۆژێک پێشتر راپۆرتێکی نۆرس پرێس، تیشکی خستە سەر ئاستی هەڕەشەکانی ئێران، لە رێگەی بریکارەکانییەوە، بۆ سەر پێگە ئەمریکییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شرۆڤەکارێکی عێراقی پێشبینی زیادبوونی ئەو جۆرە هێرشانەی کردبوو.

دوێنێ، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا وردەکارییەکانی ئەو دوو هێرشەی ئاشکرا کرد، کە رۆژی پێشتر بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کرایە سەر پێگەکانیان لە عێراق، رایانگەید کە هێزەکانیان وەڵامی دوو درۆنیان لە رۆژئاوای عێراق داوەتەوە و یەکەمیان لەناوبردووە و دووەمیشیان پێکاوە.