ئاوارەکانی کەمپی واشۆکانی گلەیی لە كۆنى خێمەكانيان دەکەن

حەسەکە – نۆرس پرێس

ئاوارەكانی کەمپی واشۆکانی، لە گونده‌وارى باکووری شاری حەسەکە، گلەیی لە كۆنى و دڕاویی خێمەکانیان دەکەن، کە لە دوای چوونە ناو کەمپەکەوە لە کۆتاییەکانی ساڵی 2019 تا ئێستا نەگۆڕدراون.

کەمپی واشۆکانی بۆ ئاوارەكانی سه‌رێ كانى، لە کۆتاییەکانی تشرينی يه‌كه‌می 2019 لەلایەن به‌ڕێوبه‌رى خۆسەريەوە درووستكراوه ،‌ كه‌ 16 هەزار و 876 کەسی لێ ده‌ژى و بەسەر 2377  خێزاندا دابەشکراون، له‌ دوای لەشکرکێشی و داگيركردنى شارەکەیان له‌لايه‌ن تورکیاوه‌ لە ساڵی 2019 ئاوارە بوون.

خەدیجە محەممەد، ئاوارەیەکی ناو کەمپەکەیه‌ رایده‌گه‌یه‌نێت لەو کاتەوەی هاتوينه‌ته‌ ناو کەمپەکەوە، ئەم چادرانە نەگۆڕاون جگە لە دانانى هه‌ندێك ماددەی نایلۆن، کە گونجاو نه‌بووه‌ بۆ نۆژەنکردنەوەی چادره‌ کۆنه‌كان، بۆیە ناچارین به‌ دورينه‌وه‌ يان به‌ قوڕ لێواری چادرەکان ڕابگرين.

لاى خۆيه‌وه‌ عەبدوڵڵا محه‌مه‌د، كه‌ ئاوارەيه‌كى ديكه‌ى کەمپەکەيه‌ دەڵێت، سەرەڕای داواکارییە بەردەوامەکانمان بۆ گۆڕینی خێمەکان، هیچ وەڵامێک نییە، هەروەها خێمەکان بۆ شوێنی نیشتەجێبوون گونجاو نه‌ماون، تا ئەو ڕادەیەی چينه‌ كانزاييه‌كانيشى بە تەواوی کۆن بووە.

محەممەد باسى بارودۆخی خێمه‌كان دەکات لە وەرزی زستاندا و دەڵێت، ئەگەر باران ببارێت، دۆخی ناو چادرەکە بەتەواوی وەک دەرەوەی چادرەکەی لێ دێت، چونکە ئاوی باران دێته‌ژووره‌وه‌، ئاماژە بەوەش ده‌كات، چادرەکان بەرگەی زیاتر له‌ وه‌رزێكى زستان و هاوين ناگرن .

لای خۆیەوە هاوسەرۆکی به‌ڕێوه‌به‌رايه‌تى کەمپەکە، بەرزان عەبدوڵڵا، بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، ئێمە دەچینە ساڵی پێنجەمی دامەزراندنی ئەم کەمپە، تا ئێستاش چادرەکان نه‌گۆڕاون، ژيانى دانیشتووانەکەی زۆر سەختە .لە زستاندا سەرماكه‌ى لەڕادەبەدەرە، لە هاوینیشدا ناتوانن به‌رگه‌ى گەرماكه‌ى بگرن.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکانی پەنابەران، پێويسته‌  ساڵانە يان هەشت مانگ جارێك خێمه‌كان بگۆڕدرێن، بەڵام تا ئێستا هیچ خێمەیەک نەگۆڕدراوە سەرەڕای گفتوگۆ و داواکاری بەردەوام لەگەڵ ڕێکخراوە مرۆییەکان و وڵاتانی ناوچەکە، بەڵام به‌هۆكارى دۆخی دارایی، وه‌ بیانووى شەڕی ئۆکراينا، کاریگەری نەرێنی لەسەر دۆخی رۆژئاواى كوردستان هه‌بووه‌.

ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو، جیاوازییەکی گەورە هەیە لە نێوان ئەو پاڵپشتیانەی کە لەلایەن ڕێکخراوە مرۆییەکان و كۆميسيۆنى باڵای پەنابەرانەوە پێشکەش دەکرێن بۆ ئەو کەمپانەی کە خێزانەکانی داعش لەخۆدەگرن، له‌گه‌ڵ کەمپى خه‌ڵكه‌ ڕەسەنەکانی ناوچه‌كه‌ وەکو کەمپی واشوکانی و سه‌رێ كانى. ده‌شڵێت لە سەرەتای ئەمساڵدا كۆميسيۆنى باڵای پەنابەرانی سه‌ر به‌ نەتەوە یەکگرتووەکان ئەم کەمپە و کەمپی سه‌رێ كانى وەک کەمپی ياسايى و فەرمی ناساند، بەڵام پشتيوانى كه‌مى لێدەکرێت.

سەبارەت بە گۆڕینی چادرەکان، ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەکردووه‌، پێیان ڕاگەیاندین کە ئەمساڵ ناتوانن بیانگۆڕن، وە بەڵێنیان پێداین کە هەندێکیان بگۆڕن، بەڵام بەڵێنەکە بە شێوەیەکی شه‌رمنانه‌ بوو، چونکە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر پێیان وتین کە بودجەی ئەم کەمپانە تا ساڵى 2024 به‌ ڕێژه‌ی 30% کەم دەبێتەوە.

ئامادەکردنی: سامر یاسین/ ئیڤا ئەمین – دارشتنه‌وه‌ی: ڕوبين عومەر