رۆژنامەیەکی فەڕەنسی باس لە لێسەندنەوەی خەڵاتی باڵۆندۆر و رەگەزنامەی فەڕەنسی لە بێنزیما دەکات
ژووری وەرزش – نۆرس پرێس
راپۆرتێکی ڕۆژنامەوانی فەرەنسی، سەبارەت بە ئەگەری لێسەندنەوەی خەڵاتی تۆپی ئاڵتونی لە کەریم بێنزیما، باشترین یاریزانی جیهان بۆ ساڵی 2022، ئەستێرەی یەکێتی تۆپی پێی جددەی سعودی.
تۆڕی فەرەنسی RMC Sport ئاماژەی بەوە کردووە، لە ئێستادا بێنزیما رووبەڕووی فشارێکی توند دەبێتەوە، بەهۆی هەڵوێستەکانی لەسەر رووداوەکانی ناوچەکە، کە مەبەست لێی گرژییەکانی ئەمدوایەی نێوان حەماس و ئیسرائیلە، کە هاوسۆزی بۆ قوربانیانی کەرتی غەززە دەربڕیووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەرپرسە دیارەکانی فەرەنسا وەک وەزیری ناوخۆ و چەند ئەندامێکی پەرلەمان داوای کشانەوەی رەگەزنامەی فەڕەنسییان لە ئەستێرەی پێشووی یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانی کردووە.
بەڵام پارێزەری کەریم بێنزیما دووپاتی کردەوە کە ئەم داوایە نایاساییە، چونکە بۆ بەدیهێنانی ئەمە دەبێت چەند مەرجێک جێبەجێ بکرێت، لەوانە دەبێت کەسەکە هەڵگری رەگەزنامەیەکی دیکەبێت، بۆ مامەڵەکردن لەگەڵیا وەک هاوڵاتی وڵاتی دووهەم، یان کردەوەیەکی ئەنجامدابێت، کە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی فەرەنسادا ناکۆک بێت.
تۆڕی فەرەنسی ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەندامێکی پەرلەمانی فەرەنساش رێوشوێنێکی پێشنیار کردووە بۆ کشانەوەی خەڵاتی باڵۆندۆر لە بێنزیما.
کشانەوەی تۆپی زێڕین “باڵۆندۆر” لە کەریم پێشینەیەکی مێژوویی دەبێت، کە یەکەمجارە لە جۆری خۆیدا.
لە کاتێکدا، ئەستێرەکانی پێشوو سەرەڕای ئەوەی بە دۆسیەکانی باج سزا دراون، وەک مێسی و مۆدریچ، یان لە دۆسیەکانی دەستدرێژی سێکسیەوە تێوەگلاون، وەک کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ و رۆناڵدۆ دیاردە، خەڵاتەکەیان لێسەندراونەتەوە.
لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەیدا ڕایگەیاندووە، کشانەوەی خەڵاتی باڵۆندۆر لە بنزیما و لێسەندنەوەی رەگەزنامەی فەرەنسی ئەگەر رووبدات، دەبێتە دیاردەیەکی سەرسوڕمانی گەورە.
پێشتر کەریم بێنزیما لە پۆستێکدا لە تۆڕی “ئێکس” نوسیبووی: “نزاکانمان بۆ خەڵکی غەززەیە، کە جارێکی دیکە بوونەوە قوربانی بۆردوومانە نادادیەکانی ئیسرائیل”.