ئیسرائیل سەربازگەیەکی “حیزبوڵا” لە باشووری سووریا دەکاتە ئامانج

دەرعا – نۆرس پرێس

درەنگانی شەوی دوێنێ چوارشەممە، هێزەکانی ئیسرائیل سەربازگەیەکی سەر بە هێزەکانی حکومەتیان لە گوندەواری باکووری قونەیتەرە کردە ئامانج، کە “حیزبوڵا” وەک بارەگایەک بۆ خۆی بەکاری دەهێنێت.

راپۆرتەکان و دەزگاکانی راگەیاندن پێشتر باسیان لە ئەگەری کردنەوەی بەرەیەک لە دژی ئیسرائیل لە خاکی سووریاوە لە لایەن گروپەکانی سەر بە حیزبوڵا و ئێرانەوە کردبوو، ئیسرائیل لە سووریا چەند پیگەیەکی کردبووە ئامانج، بەتایبەت لە دوای ئەو پەرەسەندنەی ئەم دواییەی نێوان ئەوان و بزووتنەوەی حەماس لە 7ی ئەم مانگەوە.

سەرچاوەیەک لە هێزەکانی حکومەت بە پەیامنێری نۆرس پرێسی راگەیاند، ئیسرائیل بە چەند مووشەکێک سەربازگەی “نەبەع فەوار”ی لە گوندەواری باکووری قونەیتەرە بۆردومان کردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، “حیزبوڵای لوبنان سەربازگەکە وەک بارەگایەک بۆ ئەندامەکانی و بۆ عەمبارکردنی چەک بەکاریدەهێنێت”.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەدا کە بۆردومانەکە “کاروانێکی میلیشیاکانی حزبوڵای لوبنان، کە پێشتر گەیشتبوونە سەربازگەکە” کردە ئامانج.

روونیشی کردەوە کە “حزبوڵا لەم ماوەیەی دواییدا کار دەکات بۆ بەهێزکردنی میلیشیاکانی هەڵسوڕاویان لە پارێزگای قونەیتەرە لەسەر سنووری ئیسرائیل”.

ئەو سەربازگەی بۆردومان کراوە 11 کم لە سنووری ئیسرائیلەوە دوورە، کە حیزبوڵا دەتوانێت لەوێوە و لە رێگەی تۆپخانە مامناوەندەکانیەوە بۆردومانی ناوخۆی ئیسرائیل بکات، بەپێی سەرچاوەکە.

ئامادەکردنی: ئیحسان محەمەد – داڕشتنەوەی: محەمەد ئەلقازی