رووسیا ئەمریکا بە ئەنجامدانی “پێشێلکاریی ئاسمانی” نوێ لە سووریا تۆمەتبار دەکات
دیمەشق – نۆرس پرێس
وەزارەتی بەرگری رووسیا رایگەیاند، کە دوێنێ ئەمریکا “پێشێلکاریی ئاسمانی” نوێی لە ئاسمانی سووریا ئەنجامداوە، لەوانە پێشێلکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوولا.
جێگری سەرۆکی ناوەندی ئاشتەوایی رووسیا لە سووریا، ڤادیم کۆلێت رایگەیاند، دوێنێ چوارشەممە 12 پێشێلکاریی ئاسمانی لە ناوچەی تەنەف تۆمارکراون، کە تێیدا دوو فڕۆکەی ئێف 16 و دوو فڕۆکەی شەڕکەری ڕافال و فڕۆکەی شەڕکەری تایفون، فڕۆکەیەکی چاودێری ئەلیکترۆنی جۆری MC-12W و سێ فڕۆکەی جۆری MQ، بەشداربوون.
بە گوتەی ئەو بەرپرسە سەربازییە، لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی چوار حاڵەتی پێشێلکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ رووسیا، ئەنجامداوە.
ناوەندی ئاشتەوایی رووسیا کە بە بنکەی بە حمەیمیم ناسراوە و دەکەوێتە باکووری رۆژئاوای سوریاوە، داتای پەیوەست بە پێشهاتە سەربازییەکانی سوریا بڵاودەکاتەوە، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندی بە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئاسمانیەوە هەیە لەگەڵ ئەمریکادا.
ئەو پرۆتۆکۆڵانەی لە 9ی کانونی یەکەمی 2019 لەنێوان رووسیا و ئەمریکادا واژۆ کراون، پەیوەندییان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هەیە، بەپێی ئەو پرۆتۆکۆلانە هەماهەنگی لەنێوان هەردوولا ئەنجام دەدرێت بۆ رێگریکردن لە گەشتە ئاسمانییە مەترسیدارەکان.
ئەمریکاش چەند جارێک رایگەیاندووە، کە فڕۆکەکانی تووشی هەراسانکردنی دەبنەوە لە لایەن رووسیاوە و هەندێکیانیان بە “مەترسیدار” وەسفی کردووە، کە لە ماوەی دوو مانگی رابردووی تەمموز و ئابدا روویانداوە.
ئەو بەرپرسە رووسییە رایگەیاندووە، ئەم “رەفتارانە” لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە، هەلومەرجی “مەترسیدار” بۆ رووداوەکانی فڕۆکەوانی دروست دەکەن و دەبنە هۆی خراپتربوونی دۆخی ئاسمانی سووریا.