هێزەکانی ئەمریکا وردەکاریی ئەو دوو هێرشەی ئاشکرا کرد کە لە عێراق کرایە سەریان
هەولێر – نۆرس پرێس
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا وردەکارییەکانی ئەو دوو هێرشەی ئاشکرا کرد، کە دوێنێ چوارشەممە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کرایە سەر پێگەکانیان لە عێراق.
وردەکارییەکان دوای ئەو زانیارییانە هاتن کە ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، کەوا لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێرش کراوەتە سەر پێگەکانی ئەمریکا، ئەوەش دوای راپۆرتێکی نۆرس پرێس، کە تیشکی خستە سەر ئاستی هەڕەشەکانی ئێران، لە رێگەی بریکارەکانییەوە، بۆ سەر پێگە ئەمریکییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لە راگەێنراوێکی فەرماندەیی ئەمریکادا هاتووە، هێزەکانیان وەڵامی دوو درۆنیان لە رۆژئاوای عێراق داوەتەوە و یەکەمیان لەناوبردووە و دووەمیشیان پێکاوە.
لە هێرشی سێیەمیشدا هێزەکانی ئەمریکا رایانگەیاند، کە درۆنی سێیەمیان لە ناوچەکانی کوردستان تێکشکاندووە، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی و ماڵی لێ بکەوێتەوە.
سێشەممەی رابردوو، عومەر عەبدولسەتار، شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، بە نۆرس پرێسی راگەیاند، کە پێگەکانی ئەمریکا “لە لایەن ئێرانەوە دەکرێنە ئامانج، چی لە سووریا بێت، یان لە عێراق، یان لە کەنداو و ناوچەکانی دیکە کە بنکە ئەمریکییەکانیان تێدایە”، ئەوەش دوای ئەو هێرشە فرە بەرەییەی، کە لەلایەن حەماسەوە بۆ سەر ئیسرائیل، لە 7ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا ئەنجامدرا.
سەرکردایەتی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە ئەوان لە بەرزترین ئاستی ئامادەباشیدان، لە نزیکەوە چاودێری دۆخی عێراق و ناوچەکە دەکەن، جەختیشیان لەوە کردەوە کە هێزەکانی ئەمریکا “بەرپەرچی هەر هەڕەشەیەک دەدەنەوە”.
ئەم حاڵەتی ئامادەباشییە لە پێشبینیی زیادبوونی چالاکیی میلیشیاکانی سەر بە ئێراندا دێت، لە کاتێکدا ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە بەهۆی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماسەوە پەرەی سەندووە.
فەرماندەیی ناوەندی جەختی لەوە کردەوە کە “بەردەوام دەبن لە هەڵسەنگاندنی کاریگەرییەکان لەسەر ئۆپەراسیۆنەکان”.
ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر