ئه‌نجومه‌نی سوریای دیموكرات یاداشتێکی ناڕەزایەتی ڕادەستی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەکات

ئه‌نجومه‌نی سوریای دیموكرات یاداشتێکی ناڕەزایەتی ڕادەستی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەکات

ئه‌مڕۆ، ئەنجومەنی سوریای دیموکرات ( مه‌سه‌ده‌ ) له‌ حه‌سه‌كه‌ یاداشتێکی ناڕەزایی ڕادەستی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کرد، دژی بۆردومانه‌كانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی رۆژئاوای كوردستان،

شاندێکی كه‌سایه‌تی عەرەب و کورد و دەیان دانیشتووی شاری حەسەکە و نوێنەری لایەنە سیاسییەکان یاداشتێکی ناڕەزایه‌تییان، هاوپێچ له‌گه‌ڵ فایلێکی دۆکیۆمێنتی ئەو پێشێلکاریانەی تورکیا، كه‌ لە ناوچەکانی رۆژئاوای كوردستان ئه‌نجامیداوه‌ و دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان و ژێرخانی ئابووریی كردووه‌ته‌ ئامانج ، ڕادەستی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کرد.

ئەزهەر ئەحمەد، بەرپرسی هەماهەنگی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی مه‌سه‌ده‌، بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، یاداشتێکی ناڕەزایەتیمان لە دژی بۆردومان و پێشێلکارییەکانی تورکیا بە زمانەکانی کوردی، عەرەبی، سریانی و ئینگلیزی گەیاندە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی وەک پەیامێک تا هەڵوێستێکی بەهێزتریان هەبێت لەسەر ئەم پێشێلکاریانە.

هه‌روه‌ها خۆپیشاندەران داوایان کرد گەمارۆی ئاسمانی بەسەر ناوچەکانی رۆژئاوای كوردستان بسەپێندرێت، هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش بۆچوونێکی بەهێزتریان هەبێت بەرامبەر زیادبوونی هێرشه‌كانی سه‌ر رۆژئاوای كوردستان.

ئامادەکردنی: سامر یاسین / ئیڤا ئەمین – داڕشتنه‌وه‌ی: ڕوبین عومەر