بڕیاری زیندانی هەتاهەتایی بۆ ئەمریکییەک دەرچوو کە پشتیوانی “داعش”ی کردووە و لە عێراق و سووریا شەڕی کردووە

قامشلۆ – نۆرس پرێس

دوێنێ سێشەممە، ئەمریکا سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەر دەڵاڵی پێشووی بۆرسەی نیویۆرک و دڵسۆزی داعشدا لە سووریا، دەرکرد.

رەسڵان ماراتۆڤیتچ ئەساینۆڤ، هاووڵاتییەکی ئەمریکییە و تەمەنی 47 ساڵە و لە کازاخستان لەدایکبووە، لە کۆتاییەکانی ساڵی 2013وە لە شاری برۆکلین دەژیا، دواتر کچە گەنجەکەی و هاوسەرەکەی جێهێشت بۆ ئەوەی بەرەو ناوجەرگەی دەسەڵاتی “داعش” بڕوات لە سووریا.

بە گوێرەی میدیا ئەمریکییەکان، تۆمەتبارەکە “رەسڵان ” وەک قەناس بەدەست و راهێنەر لە رێکخراوە توندڕەوەکەدا کاری کردووە، بە پێکەنینەوە دانیشتبوو و شانازی بە پەیوەستییەکەیەوە بەو رێکخراوە توندڕەوەوە دەکرد لە هۆڵی دادگا لە بروکلین، لەکاتێکدا دادوەر بڕیارەکەی دەخوێندەوە.

پارێزەرەکەی کە لەلایەن دادگاوە دەستنیشانکراوە، سوزان کێلمان، رەتیکردەوە داوای کەمکردنەوەی سزاکە بکات، ئاماژەی بەوەشکرد کە بریکارەکەی نایەوێت دەستبەرداری پەیوەستییەکەی بێت بەو رێکخراوە توندڕەوە لە بەرامبەر نەرمی نواندنی دادگادا.

“رەسڵان” بە بەرپرسانی جێبەجێکاری یاسایی راگەیاندووە، کە لەبیری نییە چەند کەسی کوشتووە، بەڵام بە شانازییەوە باسی بەشداریکردنی لە “جیهادی توندڕەوانەدا” کردووە، شانازی بەوەشەوە دەکات کە خوێندکارەکانی ئەو کەسانەیان کوشتووە کە بە “دوژمن” وەسفی دەکات.

ماسیۆ هاگانس، یاریدەدەری داواکاری گشتی ئەمریکا لە کاتی سزادانەکەدا گوتی: “ئەو وەک ئامراز و ئامانجێک کوشتنی لەئامێز گرتووە (..) بۆیە ئەمڕۆش بەم دۆسیە قێزەونەوە تێوەگلاوە”.

پاش وەرگرتنی مەشقی نیشانەشکێنی “قەناس”، رەسڵان ماراتۆڤیتچ ئەساینۆڤ، بەشداری لە شەڕە سەرەکییەکان کردووە، کە رێگەیان بە رێکخراوەکە دا دەست بەسەر خاکدا بگرێت و خەلافەتەکەی دابمەزرێنێت.

تا “ئەساینۆڤ” بەرزبووەوە بۆ پلەی “ئەمیر”، یان سەرکردە، پاشان زیاتر لە 100 قەناس بەدەستی فێرکردووە، وەک ئامرازی”زیاد بوونی هێز” لە “هەڵمەتە خوێناوی و دڕندانە”کانی دەوڵەتی ئیسلامیدا، بەپێی داواکاری گشتی.

ئەساینۆڤ، لە سەرەتای ئەمساڵدا بە تۆمەتی پشتیوانی ماڵی بۆ “رێکخراوێکی تیرۆریستی بیانی” و هۆکاری کوژرانی لانیکەم کەسێک، لەنێو تۆمەتەکانی دیکەدا سزا درا.

ئاسینۆڤ یەکێکە لەو دەیان ئەمریکی و هەزاران کەسی بیانی لە سەرانسەری جیهان کە بەیعەتیان بە داعش داوە.

ئەساینۆڤ، کە بە گەشتکردن لە ئیستەنبوڵەوە و لەوێشەوە بۆ عێراق و سووریا پەیوەندی بە داعشەوە کردووە، لە ساڵی 2019دا لە کاتی جەنگی کۆتاییدا لە شارۆچکەی باغۆز لە نزیک سنووری عێراق لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە دەستگیرکرا، دواتر رادەستی ئەمریکا کرایەوە.

لە یاداشتی سزادانەکەدا، داواکاری گشتی فیدراڵی رایگەیاندووە، پێویستە “ئەساینۆڤ” زۆرترین سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا بچەسپێت، بەهۆی سروشتی تاوانەکانی و ئەو راستییەی کە “بە هیچ کلۆجێک پەشیمانی، گومان، یان پیاچوونەوە بە هەڵەکانی رابردوویدا” پیشان نەداوە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر