سوپای ئەمریکا هێرشێک بۆ سەر پێگەکانیان لە عێراق پووچەڵ دەکاتەوە
هەولێر – نۆرس پرێس
بەرپرسێکی بەرگری ئەمریکا بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، ئەمریکا هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆ سەر هێزەکانیان لە عێراق پووچەڵ کردووەتەوە.
دوێنێ لە راپۆرتێکی نۆرس پرێسدا تیشک خرایە سەر زیادبوونی ئاستی هەڕەشەکانی ئێران لە رێگەی بریکارەکانییەوە بۆ سەر پێگەکانیانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دوای هێرشی فرەبەرەیی حەماس کە لە 7ی تشرینی یەکەمدا بۆ سەر ئیسرائیل دەستیپێکرد.
دوو بەرپرسی ئەمریکی بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاندووە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە سوپای ئەمەریکا هێرشێکیان، پێش ئەنجامدانی پووچەڵ کردۆتەوە، کە هێزەکانیانی لە عێراق کردبووە ئامانج، کە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان رێگریان لە ئەنجامدانی هێرشەکە کردووە.
ئەو بەرپرسانە کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت، ئامادە نەبوون ناسنامەی تۆمەتبارەکەی هێرشەکە ئاشکرا بکەن.
پێشتر عومەر عەبدولسەتار، شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بە نۆرس پرێسی راگەیاندبوو، کە پێگەکانی ئەمریکا “لە لایەن ئێرانەوە دەکرێنەئامانج، جا چ لە سوریا بێت، یان لە عێراق، یان لە کەنداو و ئەو ناوچانەی دیکە کە بنکە ئەمریکییەکان تێیدا هەن”.
بە گوتەی واشنتون، ئەو هێرشە ناکامە لە کاتێکدا بووە، کە ئەوان لە ئامادەباشییەکی بەرزدا بوون، لە پێشبینی چالاکیی گروپەکانی سەر بە ئێران، لە کاتێکدا کە گرژی و ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا بەهۆی جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماسەوە پەرەی سەندووە.
ئەو بەرپرسانە ئاماژەیان بەوەشکردووە، کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانە هێرشبەرە یەکلایەنەکان، لەکاتی هەوڵدان بۆ لێدانی بنکەی ئاسمانی “عەین ئەسەد” لە عێراق کە هێزەکانی ئەمریکای تێدایە، رێگرییان لێکراوە.
ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر