نۆرس پرێس برینەوەی هەزارەها درەخت لە عەفرین لە سەرەتای ئەمساڵەوە بەبەڵگە دەکات

عەفرین – نۆرس پرێس

لە سەرەتای ئەمساڵەوە میلیشیا چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سەر بە تورکیا 8429 درەختیان لە ناوچەی عەفرین لە بەشە داگیرکراوەکەی رۆژئاوای کوردستان لە رەگەوە هەڵکێشاوە.

لەدوای داگیرکردنی عەفرین لەلایەن تورکیاوە لە ساڵی 2018، ناوچەکە دابەزینی بەرچاوی رووپۆشی ژینگەیی و بڕینەوە و لەرەگەوە دەرهێنانی هەزاران درەختی بەخۆوە بینیوە، هەروەها میدیا نێودەوڵەتییەکانیش دزینی زەیتی زەیتونیان لە عەفرینەوە بۆ تورکیا و لەوێشەوە بۆ بازاڕەکانی ئەوروپا پشتڕاست کردووەتەوە.

لە کۆی ئەو ژمارەیەی کە بەشی چاودێری و بەبەڵگەکردنی نۆرس پرێس تۆماریکردووە، 5030 درەختی زەیتون و 2060 درەختی هەنار بڕدراونەتەوە، ئەوانی دیکە بەسەر درەختە بەرهەمدار و دارستانییەکاندا دابەش دەکرێت.

زۆربەی درەختەکان کراون بە دار و لە بازاڕەکاندا فرۆشراونەتەوە.

ئەو میلیشیا و گروپانەی کە بەزۆریی بەرپرسیارن لە بڕینەوەی درەختەکان لە عەفرین، بریتین لە میلیشیای “ئەلحەمزات” کە لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە سزای بەسەردا سەپێنراوە، هەروەها میلیشیای “عەمشات” کە زیاتر لە سێ هەزار درەختیان بڕیوەتەوە، بەدوایاندا میلیشیاکانی “ئەحرار ئەلشەرقییە” و “فەیلەق شام” و “سوڵتان موراد” و “ئەلعەمشات” دێن.

لە سەرەتای ئەم مانگەدا، لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی دروێنەی زەیتون، سەرچاوە ناوخۆییەکان لە عەفرین ئاشکرایان کرد کە میلیشیای لایەنگری تورکیای سوڵتان سلێمان شا “ئەلعەمشات”، بە دۆلاری ئەمریکی سەرانەیان بەسەر جووتیارانی زەیتوندا سەپاندووە.

نۆرس پرێس لە سەرەتای ئەمساڵەوە، دەستبەسەرداگرتنی 1850 درەختی میوەیان لەلایەن میلیسیاکانەوە بەبەڵگە کردووە کە دانیشتوانی رەسەنی عەفرین خاوەندارێتی دەکەن.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: مالین محەمەد