دێرەزوور.. هێزەکانی سوریای دیموکرات دوو جار کرانەئامانج
دێرەزوور – نۆرس پرێس
دوێنێ دووشەممە ئەندامێکی هێزەکانی سوریای دیموکرات بە فیشەکی چەکدارانی نەناسراوەوە شەهیدکرا، هاوکات رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) بەرپرسیارێتی خۆی لە بەئامانجگرتنی خاڵێکی پشکنینی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە گوندەواری دێرەزوور لە رۆژئاوای کوردستان راگەیاند.
لە دێرەزوور حاڵەتەکانی تیرۆرکردن لە زیادبووندایە و کاریگەری لەسەر هاووڵاتییانی سڤیل و کارمەندانی بەڕێوبەریی خۆسەریی و ئەندامانی هێزە ئەمنی و سەربازییەکان هەبووە، کە زۆربەیان ئەو رێکخراوە توندڕەوەیان لە پشتەوەیە.
سەرچاوەیەکی سەربازی لە “هەسەدە” لە شارۆچکەی جەزرات لە رۆژئاوای دێرەزوور رایگەیاند، دوو چەکداری نەناسراو بە ماتۆڕسکیلێکەوە “مەحموود فوئاد”، ئەندامی “هەسەدە”یان لە نزیک رێگای سەرەکی شارۆچکەی “جەزرەتبوحەمید” لە رۆژئاوای دێرەزوور، کردە ئامانج.
سەرچاوەکە بۆ نۆرس پرێس زیادی کرد کە “مەحموود” پاش بەئامانجگرتنەکە راستەوخۆ دەستبەجێ شەهید بووە.
دوێنێ دووشەممە، دەزگای ئەلیکترۆنی “ئەعماق” کە نزیکە لە داعش، راگەێنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەکردووە، کە چەکداران بە چەکی ئۆتۆماتیکی هێرشیان کردووەتە سەر خاڵێکی پشکنینی “هەسەدە” لە دەروازەی شارۆچکەی ئەلحەوایج، لە ناحیەی زیبان، لە رۆژهەڵاتی دێرەزوور.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەئامانجگرتنەکە بووەتە هۆی برینداربوونی ژمارەیەک لە ئەندامانی “هەسەدە” کە لەو خاڵەدا جێگیربوون، هاوکات سەرچاوەیەکی سەربازی لە “هەسەدە” رەتیدەکاتەوە هیچ ئەندامێک بریندار بووبێت، ئەوەشیان پشتڕاستیکردووەتەوە کە پێکدادان لەنێوان ئەندامانیان و چەکدارانی نەناسراودا روویداوە.