کوژرانی سەرکردەیەکی حەشدی شەعبی لە پێکدادانێکی چەکداریدا لە سەر سنووری سووریا و عێراق
دێرەزوور – نۆرس پرێس
دوێنێ دووشەممە، سەرکردەیەکی هێزەکانی حەشدی شەعبی عێراقی لە پیکدادانێکدا لەگەڵ گروپێکی چەکدار لەسەر سنووری سووریا و عێراق کوژرا.
ئەندامێکی هێزەکانی حەشدی شەعبی رایگەیاند، چەکدارانی نەناسراو لەگەڵ هێزەکانیاندا لە ناو خاکی عێراقدا، لە نزیک سنووری سووریا و عێراق تووشی پێکدادان بوون و بۆ چەند کاتژمێرێک شەڕ بەردەوام بووە.
ناوبراو بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئەنجامی پێکدادانەکەدا حەیدەر جەبار (تەمەن 42 ساڵ)، فەرماندە لە هێزەکانی ئەرکانی حەشدی شەعبی کوژراوە.
دوابەدوای پێکدادانەکە، هێرشبەرەکان بەرەو بیابانەکانی عێراق هەڵهاتوون، هاوکات حەشدی شەعبی هێزی زیاتریان هێناوەتە بارەگاکانیان لە ناوچەکە، بە گوتەی ئەو ئەندامە.
دوێنێ، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، شانەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر “یەکێک لە مەترسیدارترین” ئەندامانی رێکخراوی “داعش”یان لە پارێزگای سەڵاحەدین دەستگیرکردووە.