هەولێر – نۆرس پرێس
سبەی چوارشەممە، بە مەبەستی پیشاندانی پشتیوانی گەورەی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل و پابەندیی بە دابینکردنی ئاسایشی ئەو وڵاتەوە، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا سەردانی ئیسرائیل دەکات.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە بارەگای وەزارەتی بەرگریی ئیسرایلەوە رایگەیاند، “جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، سبەی چوارشەممە بە سەردانێک دەگاتە ئیسرائیل و پەیامی بۆ گەلی ئیسرائیل دەبێت.”
گوتیشی “ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پاڵپشتی و هاوسۆزیی خۆی بۆ ئیسرائیل دووپات دەکاتەوە. ئیسرائیل مافی خۆیەتی و دەبێت بەرگری لە گەلی خۆی بکات بۆئەوەی چیدیکە تیرۆرستان نەبنە هەڕەشەیەک بۆیان.”
بایدن رایگەیاند “سەرۆک بایدن راستەوخۆ گوێ لە داواکارییەکان بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەربازییەکانی ئیسرائیل دەگرێت و لەگەڵ شاندی کۆنگرێس لە هاوئاهەنگیدا دەبێت بۆ دەستەبەرکردنی هەر شتێک کە ئیسرائیل پێویستیەتی.”
دوای تەواوکردنی گەشتە چوار رۆژییەکەی بۆ شەش وڵاتی عەرەبی، دوێنی دووشەممە، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گەیشتەوە ئیسرائیل و گوتی، “من پێویستم بە دەرفەتێکە بۆ ئەوەی هەموو ئەو شتانە لەگەڵ ئیسرائیلی هاوپەیمان و هاوڕێمان باسبکەم کە لە چوار رۆژی رابردوو لەماوەی سەردانەکانم لەلایەن هاوبەشەکانمانەوە گوێم لێبوو و فێریان بووم.”
هەروەها جۆن کێربی، رێکخەری پەیوەندییە ستراتیژییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەمریکا لە واشتنۆنەوە رایگەیاند، “بایدن رۆژی چوارشەممە دەگاتە تەلئەڤیڤی پایتەختی ئیسرائیل و پاشان سەردانی شا عەبدوڵڵای دووەم دەکات لە ئوردن کە هاوبەشێکی نزیکی ئەمریکایە. جگە لەویش، بایدن لەگەڵ هەریەک لە مەحموود عەباس، سەرۆکی فەلەستین و عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر کۆدەبێتەوە.”
حکومەتی ئەمریکا، (دەڤید ساتەرفیڵد)ـی دەستنیشان کردووە بۆ ئەوەی رۆژی دووشەممە 16-10-2023 بگاتە ئیسرائیل و سەرکردایەتی هاوکارییە مرۆییەکان بکات. ساتەرفیڵد، باڵیۆزێکی خانەنشین کراوە کە پێشووتر بۆ چەندین ساڵ لە ژمارەیەک وڵاتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست وەک دیپلۆمات کاری کردووە.
ئانتۆنی بلینکنی وەزیری دەرەوە لەبارەی هاوکاریی مرۆییەوە بۆ غەززە رایگەیاند، کە “سەرۆکی ئەمریکا هیواخوازە کە ئیسرائیل دەستپێشخەریی بکات لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی مرۆیی بۆ ئەوەی ژمارەی قوربانیانی سڤیل لەوە زیاتر نەبێت، بەڵام بە رێگەیەک کە حەماس تێیدا سوودمەند نەبێت.”
گوتیشی، “هەردوو وڵات کار لەسەر دەستنیشانکردنی چەند ناوچەیەک دەکەن کە لەدەرەوەی سنووری شەڕبێت و خەڵکی سڤیل لەوێ پەنابدەن.”
هەرچەندە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەوڵێکی زۆریاندا تا سنووری رەفەح، کە غەززە و میسر بەیەکەوە دەبەستێتەوە، بکەنەوە؛ بەڵام حەماس رێگەی نەدا کەس لێیەوە دەربازبێت.
هەروەها، “ئەمریکا سەرکەوتووبوو لە رازیکردنی ئیسرائیل بۆ ئەوەی دووبارە ئاو بە خەڵکی کەرتی غەززە بەربداتەوە، دوای ئەوەی ئیسرائیل “گەمارۆی تەواوەتی” خستە سەر کەرتەکە.”