رووسیا: “گروپە تیرۆریستییەکان” ئامادەکاریی دەکەن بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی سووریا و رووسیا
رەققە – نۆرس پرێس
دوێنێ دووشەممە، ناوەندی ئاشتەوایی رووسیا لە بنکەی حمەیمیم لە سووریا رایگەیاند، “رێکخراوە تیرۆریستییەکان” (میلیشیا چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریای سەر بە تورکیا و بەرەی نوسرە) خۆیان ئامادە دەکەن بۆ دەستپێکردنی هێرش بۆ سەر پێگەکانی هێزەکانی رووسیا و حکومەتی سووریا.
ماوەیەکە فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا بۆردومانکردنی ناوچەکانی باکووری رۆژئاوای سووریایان پەرەپێداوە، ئەمەش دوای هێرشەکەی سەر کۆلێژی سەربازی حومس دێت، لە سەرەتای ئەم مانگەدا، کە بە هۆیەوە دەیان کەس کوژران و برینداربوون، بەو پێیەی حکومەتی سووریا “رێکخراوە تیرۆریستییەکان”ی تۆمەتبار کرد بەوەی کە لە پشت ئەم هێرشەوەن.
جێگری سەرۆکی ناوەندەکە، ڤادیم کۆلێت، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، “گرووپە تیرۆریستییەکان، کە لە ناوچەکانی ئاگربەست لە ئیدلب چالاکن، خۆیان ئامادە دەکەن بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر هاووڵاتییانی سڤیل، بنکە سەربازییەکانی رووسیا و سووریا و ژێرخانی مەدەنی، بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ئەو ئامێرانەی کە لە دوورەوە کۆنترۆڵ دەکرێن”.
کۆلیێت گوتیشی، “سەرکردایەتی هێزەکانی رووسیا و هێزە چەکدارەکانی کۆماری عەرەبی سووریا رێوشوێنی پێشوەختەی پێویست دەگرنەبەر”.
یەکشەممەی رابردوو، ناوەندی ئاشتەوایی رووسیا کوژرانی زیاتر لە 20 ئەندامی میلیشیاکانی ئۆپۆزسیۆنی سەر بە تورکیایان راگەیاند، لە هەڵمەتەکانی هێزی ئاسمانی رووسیادا بۆ سەر شوینەکانی چاککردنەوەی ئامێرە سەربازییەکان لە باکووری رۆژئاوای وڵاتەکە.
ئەو بەرپرسە رووسییە ئاماژەی بەوەدا کە لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا، “چوار هێرش بۆ سەر پێگەکانی هێزەکانی حکومەتی دیمەشق لەلایەن گروپە تیرۆریستییەکانەوە لە ئیدلب تۆمارکراوە، کە یەک بۆردومان لە حەڵەب و بۆردومانێک لە حەما و دوو هێرشیش لە لازقییە بوون و لە ئەنجامدا سەربازێکی سوری بریندار بوو”.