بە هۆی بۆردوومانێک بۆ سەر میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە سنووری نێوان سووریا و عێراق  کوژراو و بریندار کەوتەوە

دێرەزوور – نۆرس پرێس

دوێنێ شەممە، ئەندامێکی میلیشیاکانی سەر بە ئێران کوژرا و سێی دیکەش برینداربوون، لە هێرشێکی ئاسمانی فڕۆکە نەناسراوەکاندا، کە گەڕێکی سەربازییان لە سنووری نێوان سووریا و عێراق کردە ئامانج.

درەنگانی ئێوارەی دوێنێ شەممە، فڕۆکەکانی ئیسرائیل بۆردومانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حەڵەبیان کرد، بەگوێرەی میدیاکانی حکومەت، بۆ جاری دووەم جارە لە ماوەی چەند رۆژێکدا فڕۆکەخانەکە لەکار بخرێت.

ئەم پێشهاتە خێرایانە هاوکاتە لەگەڵ رووداوەکانی غەززە و شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل، لە کاتێکدا ئەو تۆمەتانە ئاراستەی ئێران دەکرێت، کە هەوڵی کردنەوەی بەرەیەکی دیکە دەدات لە رێگەی خاکی سووریاوە دژ بە ئیسرائیل.

سەرچاوەیەکی سەربازی لە لیوای قودسی لایەنگری ئێران لە دێرەزوور رایگەیاند، فڕۆکەیەکی نەناسراو سێ هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر گەڕێکی هاوبەشی لیوای قودس و سوپای پاسدارانی ئێران، لە نزیک ناوچەی عەکاشات لەسەر سنووری نێوان سووریا و عێراق .

سەرچاوەکە بە نۆرس پرێسی راگەیاند: ئەو هێرشە بووەتە هۆی کوژرانی ئەندامێکی گروپەکانی لایەنگری ئێران، هەروەها برینداربوونی سێ کەسی دیکە.

ئاماژەی بەوەشکرد، گەڕە سەربازییەکە دوای بۆردومانکردنیان بەرەو خاکی عێراق رۆیشتوون، دواتر جارێکی دیکە فڕۆکەکان لە ناو خاکی عێراقدا بۆردوومانیان کردنەوە، بەبێ ئەوەی ناوچەی ئامانجکراو و قەبارەی زیانەکان بزانرێت.

لە کاتێکدا سەرچاوەیەکی سەربازی لە خاکی عێراقەوە بە نۆرس پرێسی راگەیاندووە، هێڕشەکە بارەگای هێزەکانی حەشدی شەعبی کردۆتە ئامانج و زیانی ماددی پێگەیاندوون. ئامادەکردنی: عومەر عەبدولڕەحمان – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان