رووسیا 34 منداڵی لە کامپەکانی رۆژئاوای کوردستانەوە گەڕاندەوە بۆ وڵاتەکەی
قامشلۆ – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ یەکشەممە، مۆسکۆ لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنە نێودەوڵەتییەکان بۆ وەرگرتنەوەی خێزانەکانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)، 34 منداڵیان لە کامپەکانی رۆژئاوای کوردستانەوە گێڕایەوە.
بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی رۆژنامەوانی کۆمسیۆنی مافەکانی منداڵان، فڕۆکەیەک کە 34 منداڵی رووسیای تێدابووە، لە سوریاوە گەیشتووەتەوە رووسیا.
شەوی رابردوو، شەممە، فڕۆکەکە بە منداڵەکانەوە لە فڕۆکەخانەی چکالۆڤسکی لە نزیک مۆسکۆ نیشتەوە.
لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا پاش گەیشتنی فڕۆکەکە، ماریا لڤۆڤا بیلۆڤا ئاماژەی بەوەدا کە هەموو منداڵەکان “هەست بە باشی دەکەن” و لە نەخۆشخانەکان پشکنینی پزیشکییان بۆ دەکرێت و دواتر دەنێردرێنەوە بۆ لای کەسوکارەکانیان لە 10 هەرێمی جیای رووسیا.
ئەو بەرپرسە رووسییە ئاماژەی بەوەشکرد، کارکردن بۆ گەڕانەوەی منداڵان لە سوریا بەردەوام دەبێت، بەو پێیەی گروپێکی دیکە “بەم زووانە” دەگێڕدرێنەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا بەڵگەنامە بۆ زیاتر لە 150 منداڵ دەرچووە بۆ ئەوەی بە هەماهەنگی لەگەڵ “لایەنی کوردی” (کە مەبەست لە بەڕێوبەریی خۆسەرییە لە رۆژئاوای کوردستان).
بەپێی راگەیەندراوەکە، منداڵانی گێڕدراوە پیکدێن لە 23 کوڕ و 11 کچ لە نێوان تەمەنی 4 بۆ 16 ساڵدا.
لە ساڵی 2018ەوە رووسیا 513 منداڵی لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە گێڕاندۆتەوە، لەنێویاندا 382 منداڵیان لە سووریاوە گێڕدراونەتەوە.