جەنگی حەماس و ئیسرائیل پیینایە نۆیەمین رۆژیەوە

ژووری هەواڵ – نۆرس پرێس

جەنگی حەماس و ئیسرائیل پیینایە نۆیەمین رۆژیەوە و تا ئێستا زیاتر لە سێ هەزار کەس لە هەردوولا کوژراون.

ئاماری ئاوارە و قوربانییەکان

دوێنی شەممە، نووسینگەی کاروباری مرۆیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە راگەیێندراوێکدا گوتی، “پێنج هەزار و 540 یەکەی نیشتەجێبوون لەو باڵەخانانە وێرانبوون و نزیکەی سێ هەزار و 750 خانووش بەشێوەیەک زیانیان بەرکەوتووە کە بە کەڵکی ژیان نەماون.

نەتەوەیەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی بۆردوومانە بەردەوامەکانی سوپای ئیسرائیلەوە زیاتر لە 420 هەزار کەس ناچاربوون ماڵەکانی خۆیان لە غەززە جێبهێڵن.

نزیکەی 270 هەزار کەس لەوانەی کە ئاوارەبوون پەنایان بۆ ئەو قوتابخانانە بردووە کە نەتەوەیەکگرتووەکان لە غەززە دروستی کردوون و 27 هەزاری دیکەشیان لە قوتابخانەکانی فەلەستین و دەیان هەزار کەسی دیکەش چوونەتە شوێنە گشتییەکانی دیکەی غەززە.

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كۆمه‌ڵگه‌ی (شیفا)ـی پزیشكی له‌ كه‌رتی غه‌ززه، به‌ ماڵپه‌ڕی سكای نیوزی راگه‌یاندووه‌، دۆخی ته‌ندروستی و مرۆیی له‌ كه‌رتی غه‌ززه‌ ئێجگار خراپه‌، ژماره‌ی کوژراوەکان هێنده‌ به‌رزه‌، ته‌نانه‌ت شوێنی ناشتن له‌و شارە نه‌ماوه‌.

كۆمه‌ڵگه‌ی (شیفا) كه‌ گه‌وره‌ترین كۆمه‌ڵگه‌ی پزیشكییه‌ له‌ غه‌ززه‌، به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه‌ی به‌ سكای نیوزی گوت، پێشوازیمان له‌ بریندارێكی زۆر كردووه‌ و كه‌ره‌سته‌ پزیشكییه‌كان خه‌ریكن ته‌واو ده‌بن.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌، کوشتنی به‌كۆمه‌ڵ له‌ غه‌ززه‌ تۆماركراوه‌، وێڕای وێرانكردنی ژێرخانی ئه‌و شاره‌.

تیدرۆس ئه‌دناهۆم، به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌رێمایه‌تی له‌ رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی داوای له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كرد، به‌خێرایی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان به‌رووی هاوكارییه‌ مرۆیی و پزیشكییه‌كان بكه‌نه‌وه‌ و‌ گوتی: “هه‌ماهه‌نگی باشمان له‌گه‌ڵ میسر هه‌یه‌ به‌مه‌به‌ستی كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌ی سنووری ره‌فه‌ح”.

گوتیشی: “پێویسته‌ ئه‌و بریندارانه‌ی كه‌ برینه‌كه‌یان سه‌خته‌، بگوازرێنه‌وه‌ ده‌ره‌وه‌ی غه‌ززه‌”.

وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە بۆسەر کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە، هەزار و 900 کەسی تێپەڕاندووە؛ لەنێویاندا 614 منداڵ و 370 ژن هەن، ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتووەتە نزیکەی هەشت هەزار کەس.

بە گوێرەی راگەیەندراوێکی سوپای ئیسرائیل، ئەو کەسانەی لەو وڵاتە بەهۆی هێرشی حەماس و گرووپە چەکدارە فەڵەستینییەکانەوە گیانیان لەدەستداوە، گەیشتووەتە سەرووی هەزار و 400 کەس، لەو ژمارەیەش 200ـیان سەربازن.

بەئامانجکردنی میدیاکاران

تاوەکو ئێستا لە ئەنجامی شەڕی نێوان حەماس و سوپای ئیسرائیل و تۆپبارانەکانی نێوان حیزبوڵڵای لوبنان و سوپای ئیسرائیل لانیکەم 10 میدیاکار گیانیان لەدەستداوە.

دوێنێ شەممە،  سوپای لوبنان رایگەیاند: “ئیسرائیلی دووژمن مووشەکێکی تەقاند کە بەر ئۆتۆمبێلی تیمێکی میدیاکاران کەوت و بووە هۆی کوژرانی عیسام عەبدوڵڵا،” ڤیدیۆگرافەر و میدیاکاری ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرز.

ئەو راگەیێندراوەی سوپای لوبنان لەکاتێکدایە کە رۆژی هەینی رابردوو، گوندی عەلما شەعبی باشووری لوبنان تۆپباران کرا و بەهۆیەوە میدیاکارێکی ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرز کوژرا و شەش میدیاکاری دیکە بریندار بوون، لەوانەش میدیاکاری ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس و کەناڵی جەزیرە.

دوای ئەوە، رۆیتەرز لە راگەیێندراوێکدا گوتی، “لە ناخەوە خەمبارین بە لەدەستدانی عیسام عەبدوڵڵا، کامێرامانی ئاژانسەکەمان. عیسام لەگەڵ تیمێکی میدیاکار خەریکی رووماڵ بوون لە ناوچەکەدا.” هاوکات، لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتبوو کە “لەگەڵ بەرپرسانی ناوچەکە لە پەیوەندیداین بۆ ئەوەی بە خێرایی زانیاریی وردمان پێبدەن.”

چین وەک نێوەندگیر

دوێنێ شەممە، وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین رایگەیاند، لە داهاتوویەکی نزیکەدا پەکین نێردراوێکی تایبەتی خۆی دەنێرێتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئامانجی نێوەندگیری کردن لە نێوان ئیسرائیل و حەماس و کۆتاییهێنان بە شەڕ و توندوتیژی لە ناوچەکە.

ئەم راگەیەندراوەی وەزیری دەرەوەی چین دوای ئەوە هات، نوێنەرانی کۆمکاری عەرەبی لە پەکین لەگەڵ چای جۆن، نێردراوی تایبەتی چین بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەوڵەکانیان بۆ نێوەندگیری کردن و کۆتاییهێنان بە ئاڵۆزییەکانی غەززە تاوتوێکردووە.

بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی چین، وانگ یی، بە ئەنتۆنی بلینکنی گوتووە: “پێویستە ئەمریکا رۆڵێکی بونیادنەر و بەرپرسیارانە بگێڕێت بۆ ئەوەی بە زووترین کات پرسەکە بگاتە چارەسەرێکی سیاسی.”

وانگ هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، “لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ پرسە گەرمە نێودەوڵەتییەکاندا، پێویستە وڵاتە زلهێزەکان پابەند بن بە بێلایەنی، دەستپاکی، پاراستنی ئارامی، دانبەخۆداگرتن و دەستپێشخەر بن لە پابەندبوون بە یاسای نێودەوڵەتی.”

وەزیری دەرەوەی چین هەروەها باسی لەوە کردووە کە پەکین داوای “بەستنی کۆنگرەی ئاشتیی نێودەوڵەتی دەکات بە زووترین کات بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی بەرفراوان.”

وانگ هەروەها بە بلینکنی گوتووە، “چارەسەری سەرەکیی پرسی فەڵەستین لە جێبەجێکردنی چارەسەری دوو وڵاتدایە.”

هاوکات لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ جۆزێف بۆرێل، بەپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە پەکین جەختیی کردەوە، چین لایەنێکی چالاکی هەوڵەکانی نێوەندگیرییە و داوای بەستنی کۆنگرەی ئاشتی نێودەوڵەتی کاریگەر و جێی متمانەکرد بەشێوەیەکی فراوان لەن نێوان هەموو لایەنەکانی ئاڵۆزییەکان و خستنەرووی خشتەی کار و نەخشەرێگایەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.

هەرچەندە چین بڕیاریداوە هاوسەنگی لە نێوان هەردوو لایەنی ئاڵۆزییەکانی غەززە بپارێزێت بەتایبەتیش پەکین رەتیکردەوە رەخنە لە هێرشەکانی حەماس بگرێت، ئەمەش توڕەیی تەلئەڤیڤی بەدوای خۆیدا هێنا.

وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، “نیگەرانی خۆیان بە نێردراوی چین بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەیاندووە بۆ ئیدانەنەکردنی “ئەو کوشتارگە تۆقێنەرەی حەماس ئەنجامیدا” بەشێوەیەکی روون و ئاشکرا.

لەگەڵ ئەوەشدا، وەزارەتی دەرەوەی چین رایگەیاندووە، لە ئەنجامی هێرشەکانی حەماس، سێ هاووڵاتی چینی لە ئیسرائیل کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون و دوو ‌هاووڵاتی دیکەی چینیش لە ریزی بێسەروشوێنانن.

هەرچەندە لە وڵاتە زلهێزەکان تەنیا رووسیا و چین هەڵوێستی هاوسەنگیان پاراستووە لە نێوان ئیسرائیل و حەماس لەوەی پشتگیری هیچ لایەنێکیان ناکەن، بەڵام بەهۆی جەنگی ئۆکرانیاوە، رووسیا بە تەواوی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی رۆڵی پەکخراوە تا بتوانێت دەستپێشخەرییەکی لەوجۆرە بکات، بۆیە تەنیا چین ماوەتەوە بۆ ئەنجامدانی هەوڵێکی لەوشێوەیە بۆ نێوەندگیری لایەنەکان کۆبکاتەوە.

ناتانیاهۆ بەرەکانی جەنگی بەسەرکردەوە و بەردەوامی جەنگەکەی راگەیاند

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سەربازەکانی وڵاتەکەی لە بەرەکانی جەنگ لەسەر سنووری باشووری وڵاتەکەی بەسەرکردەوە و فەرماندەیەکی سەربازی ئیسرائیل داوای لە ناتانیاهۆ کرد “هەتا چارەسەری تەواوی ئاڵۆزییەکان و نەهێشتنی مەترسی لەسەر وڵاتەکەیان وازنەهێنێت”.

ناتانیاهۆ لەوەڵامی فەرماندە سەربازییەکەدا دەپرسێت: ئامادەن بۆ شەڕ؟ چونکە زۆری دیکە ماوە ئەنجامی بدەین!، هاوکات دەڵێت: بۆ هێرشکردنە سەر غەززە لە ئاسمان و زەوی و دەریاوە ئامادەکاری کراوە.

سوپای ئیسرائیل خۆی بۆ هێرشی زەمینی بۆسەر غەززە ئامادە دەکات و 360 هەزار سەرباز لەسەر سنووری غەززە کۆکراونەتەوە.

دوابەدوای سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بۆ بەرەکانی جەنگ، حیزبوڵای لوبنان دەستیکرد بە بۆردومانکردنی ئیسرائیل.

سەرلەبەیانیی رۆژی شەممە، 7ی تشرینی یەکەمی 2023 بزووتنەوەی حەماس، ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە “تۆفانی ئەقسا”ی دژی ئیسرائیل راگەیاند.

دوای هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماسیش سوپای ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومان و تۆپبارانی چەند شوێنێکی غەززە کرد و لە هەندێک شوێنیش شەڕ لەنێوان سەربازانی ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس دروستبوو.