سەرلەنوێ بۆردوومانێکی دیکەی ئیسرائیل فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حەڵەب لەکار دەخات

دیمەشق – نۆرس پرێس

درەنگانی ئێوارەی دوێنێ شەممە، سوپای ئیسرائیل لە رێگەی هێرشە ئاسمانییەکانەوە،  فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حەڵەبی کردە ئامانج، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی جارێکی دیکە فڕۆکەخانەکە لە کار بکەوێت، ئەویش نزیکەی 16 کاتژمێر دوای وەگەڕخستنەوەی، پاش بۆردومانێکی دیکەی دوو رۆژ لەمەوبەر دێت.

بەیانی دوێنێ شەممە، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حەڵەب لە کاتژمێر هەشتی بەیانیەوە وەگەڕخرایەوە، دوای چاککردنەوەی زیانەکانی بۆردومانەکەی ئیسرائیل کە فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی حەڵەب و دیمەشقی کردە ئامانج و بووە هۆی زیانگەیاندن بە فڕگەی هەردوو فڕۆکەخانەکە و لە کار خستنیان.

بەپێی ئەوەی کە دەزگای فەرمی “سانا” بڵاویکردەوە، سەرچاوەیەکی سەربازی حکومی، رایگەیاندووە، “نزیکەی کاتژمێر 11:35 خولەکی شەوی شەممە، سوپای دەستدرێژکاری ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانی لە ئاراستەی دەریای ناوەڕاستەوە، لە رۆژئاوای لازقییە ئەنجامدا و فڕۆکەخانە حەڵەبی نێودەوڵەتی کردووەتە ئامانج.”

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەو بۆردوومانە بووە هۆی زیانی ماددی بە فڕۆکەخانەکە و لە کار خستنی”.

هاوکات گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، “سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل، ژەنەڕاڵ هێرتسی هالیڤی، جارێکی دیکە وێرانکردنی فڕۆکەخانەی حەڵەب رادەگەیەنێت، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بۆ ئەو مووشەکەی، کە کاتژمێرێک لەمەوبەر لە سوریاوە بەرەو خاکی ئیسرائیل هەڵدرا”.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: محەمەد ئەلقازی