رژێمی ئێران سێهەم کوڕی خێزانێکی بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەسێدارەدا
هەولێر– نۆرس پرێس
رژێمی ئێران سزای لەسێدارەدانی بەسەر کوردێکی خەڵکی شاری بۆکاندا جێبەجێکرد، کە پێشتر دوو برای دیکەی لە لایەن هەمان رژێمەوە لەسێدارە درابوون.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان رایگەیاند، دەسەڵاتی دادوەری ئێران سزای لەسێدارەدانی بەسەر ھاوڵاتییەکی خەڵکی شاری بۆکاندا لە رۆژھەڵاتی کوردستان جێبەجێ کردووە، کە پێشتریش دوو برای بە هۆکاری سیاسیەوە لەسێدارە دراون،ھاوکات ھەمان سزایان بەسەر هاوڵاتییەکی دیکەی کوردی یارساندا سەپاندووە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان رایگەیاندووە، کە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو “حوسێن محەمەدی” تەمەن 52 ساڵ، دوای 15 ساڵ زیندانیکردنی، لە لایەن دەسەڵاتی دادوەری ئێرانەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا جێبەجێ کراوە.
بە گوتەی کۆمەڵەکە، ئەو ھاوڵاتییە کوردە کە خەڵکی گوندی “تیکان تەپە”ی سەر بە شاری “بۆکان”ە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، خێزاندار و خاوەنی دوو منداڵە، پێشتر لە شاری “رەشت” کە دەکەوێتە باکووری ئێرانەوە دەستبەسەرکراوە و لە لایەن دەسەڵاتی دادوەری ئەو شارەوە بە تۆمەتی هەڵبەستراوی “تێوەگلان لە بازرگانی ماددەی هۆشبەر”دا سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرابوو.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، کە “حوسێن محەمەدی”، پێشتر دوو برای بە ناوەکانی “حەسەن و ئیسماعیل محەمەدی” بە تۆمەتی سیاسی لەلایەن رژێمی ئێرانەوە لەسێدارە درابوون.
لە لایەکی دیکەوە بە گوێرەی ھەواڵێکی دیکەی هەمان سەرچاوە، ھاوڵاتییەکی کوردی یارسان بەناوی “رەزا رەسایی” بە تۆمەتی بەشداری کردن لە کوشتنی سەرۆکی ھەواڵگری سوپای پاسداران لە شاری “سەحنە”ی سەر بە پارێزگای کرماشان، لەلایەن دەسەڵاتی دادوەری دەوڵەتی ئێرانەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە.