گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا دوو گەنجی خەڵکی عەفرین دەستگیر دەکەن
عەفرین – نۆرس پرێس
دوێنێ هەینی، گروپی چەکداری سوڵتان سلێمان شا “ئەلعەمشات”ی سەر بە تورکیا دوو گەنجی خەڵکی ناحیەی شێخ حەدیدیان دەستگیرکرد، ئەویش کەمتر لە ٤٨ کاتژمێر دوای دیپۆرتکردنەوەیان لەلایەن تورکیاوە.
دەسەڵاتدارانی تورکیا بەردەوامن لە دیپورتکردنەوەی پەنابەرانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا بۆ ناوچەکانی باکوری ڕۆژئاوای سوریا، کە لەژێردەستی گروپە چەکدارەکانی دەستەی تەحریری شامە.
سەرچاوەیەکی کارگێڕی لە لیژنەی ئەمنی دەستەی تەحریری شام ڕایگەیاند، دوانیوەڕۆی دوێنێ، هێزە ئەمنییەکان دوو گەنج کە تەمەنیان (تەمەن ٢٥ و ٢٩ ساڵان بووە) لە گوندی خەزفییەی ڕۆژئاوای ناحیەی شێخ حەدیدی گوندەواری عەفرین دەستگیرکراون.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کرد کە سەرکردایەتی فیرقەکە زیاتر لە دوو مانگ لەمەوبەر ڕێنمایی ڕوونیان بۆ هێزە ئەمنییەکان لە شێخ حەدید دەرکردوە بۆ دەستگیرکردنی هەر گەنجێکی ناوچەکە کە لەم دواییانەدا گەڕابێتەوە.