داواکاریی ئیسرائیل بۆ چۆڵکردنی كه‌رتی غەززە، نیگەرانی نێودەوڵەتی به‌دوای خۆیدا هێناوه‌

هەولێر – نۆرس پرێس

نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتیی ئەوروپا و ئەمریکا، نیگەرانیی خۆیان لە زیادبوونی داواكاریی ئیسرائیل ده‌ربڕیوه‌ بۆ چۆڵکردنی کەرتی غەززە، پێش ئه‌نجامدانی هێرشێكی زەمینی چاوەڕوانکراو.

دوای هۆشدارییه‌كانی ئیسرائیل پێش ئەوەی ئۆپەراسیۆنی زەمینی چاوەڕوانکراو بۆ سەر حەماس لە وەڵامی خوێناویترین هێرش له‌ مێژووی ئیسرائیل ئه‌نجام بدات، هەزاران فەلەستینی بە مەبەستی گەڕان بەدوای په‌ناگه‌یه‌ك بەرەو باشووری غەززە هەڵهاتوون،

نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووه‌، درەنگانی ڕۆژی پێنجشەممە، سوپای ئیسرائیل ئاگاداری کردووەتەوە، هەموو دانیشتووانی باکوری غەززە کە ژماره‌یان بە ملیۆنێک و سه‌د هەزار کەس دەخەمڵێندرێت، دەبێت لە ماوەی 24 کاتژمێردا چۆڵیبکەن بۆ باشووری کەرتی غەززە، ئەمەش پێشبینییەکانی ئۆپەراسیۆنی ئیسرائیلی به‌م نزیكانه‌ زیاتركردووه‌. ئەمریکاش نیگەرانه‌ لە ده‌ركردنی فەرمانی چۆڵکردنی بەکۆمەڵ لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆ باکووری غەززە. له‌مباره‌یه‌وه‌ جۆن کیربی، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئه‌مه‌ریكا دەڵێت: ئێمە نیگەرانین لە هەر زیانێکی زیاتری مرۆیی له‌ كه‌سانی بێتاوان.

ده‌شڵێت: ئێمە بە رژدی لەگەڵ ئیسرائیل و میسر کاردەکەین بۆ دۆزینه‌وه‌ی ڕێڕەوێکی سەلامەت لە باشووری غەززە.

لای خۆیەوە جۆزێپ بۆرێل، ڕێکخەری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا ڕایگەیاندووه‌، جێبەجێکردنی پلانی ئیسرائیل بۆ چۆڵکردنی زیاتر لە ملیۆنێک کەس لە باکووری کەرتی غەززە لە ماوه‌ی یەک ڕۆژدا كارێكی ئه‌سته‌مه‌.

لە ٦ی ئه‌م مانگه‌ چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی لەناکاوی به‌رفراوانیان بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکرد و هەزاران موشەکیان لە غەززەوە ئاڕاسته‌ی ئیسرائیل كرد و لەڕێگەی ئۆپەراسیۆنێکی وشکانی، دەریایی و ئاسمانییەوە چوونه‌ تاو خاکی ئیسرائیل کرد.

هێرشەكه‌ی حه‌ماس بووە هۆی کوژرانی لانیکەم 1300  ئیسرائیلی و برینداربوونی هەزاران کەسی دیکە و دەستگیرکردنی نزیکەی 120 کەس کە لەنێویاندا كه‌سانی بیانی هه‌بوون.

بەپێی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە 423 هەزار هاوڵاتی غەززه‌ ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە، تەنانەت پێش دەرچوونی هۆشدارییه‌كانی چۆڵکردن له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه‌.

له‌به‌رامبه‌ردا به‌هۆی هێرشە ئاسمانییه‌ به‌رده‌وامه‌كانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، لانیکەم 1900 کەس له‌ لایه‌نی فه‌له‌ستینی کوژران، .

لای خۆیه‌وه‌ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەبارەت بە داواکاری چۆڵکردنی کەرتی غه‌ززه‌ وتی، ئه‌م بابەتە زۆر مەترسیدارە و ناتوانرێت بە سادەیی وه‌ربگیرێت.

ئامادەکردن و داڕشتنه‌وه‌ی: هۆزان زوبەیر