زۆرینەیان خەڵکی کۆبانێن.. ژمارەیەک پەنابەری رۆژئاوای کوردستان لە کەناراوەکانی لیبیا بێ سەرو شوێنن

ڕەقە – نۆرس پرێس

دوو پەنابەری خەڵکی رۆژئاوای کوردستان لە وڵاتی لیبیا، ئەمڕۆ هەینی بە نۆرس پرێسیان ڕاگەیاند، هەفتەی ڕابردوو 103 پەنابەر بە دوو بەلەمی جیاواز بەرەو کەناراوەکانی ئەوروپا بەڕێکەوتوون، دوای چەند کاتژمێرێک پەیوەندیمان لەگەڵیاندا نەما.

یەکێک لە سەرچاوەکان ئاماژەی بەوەشکرد، یەکەم بەلەم شەممەی ڕابردوو لە کەنارەکانی لیبیا بەڕێکەوت و 83 پەنابەری هەڵگرتبوو، کە 32یان خەڵکی شاری کۆبانێ بوون.

بە وتەی سەرچاوەکە، دوو پەنابەر کە یەکێکیان خەڵکی سوریا و یوکێکیانیش خەڵکی میسر بوو، دوای چەند کاتژمێرێک لە بەڕێکەوتنیان خنکان ، هەروەها پاسەوانی کەناراوەکانی لیبیا ئەو سەرنشینانەی تری ڕزگارکرد.

ئاماژەی بەوەشکرد، پاسەوانی کەناراوەکان لیبیا سەرنشینانەکانی گواستراوەتەوە بۆ زیندانێکی شاری بەنغازی و تا ئێستاش هیچ هەواڵێک لەبارەیانەوە نییە.

سەرچاوەی دووەمیش، ڕایگەیاند، بەلەمی دووەم ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو ڕێک کاتژمێر سێی پاشنیوەڕۆ بەڕێکەوتووە و دوای نیو کاتژمێر بەلەمێکی پاسەوانی کەناراوەکان ڕێگری لێکردن و بردیانی بۆ زیندانێکی شارۆچکەی عێن زارا لە شاری تەرابلوسی لیبیا.

سه ڕچاوەی دووەم له نێو سەرنشینەکانی بەلەمەکەدابوو، کە دوێنی ئازادکرا، بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، قاچاخچەکان ئەوانیان نارد بۆ مردن، چونکە بەلەمەکەیان درێژییەکەی 3 مەتر بوو و 20 پەنابەری هەڵگرتبوو کە 5یان خەڵکی کۆبانێ بوون.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: عەگید مشمش