نەسڕوڵڵا و عەبدوڵڵاهیان جەنگی حەماس و ئیسرائیل لە بەیرووت تاوتوێدەکەن
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ هەینی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران و حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵلای لوبنان، پێشهاتەکانی شەڕی حەماس و ئیسرائیلیان تاوتوێکرد.
ئاژانسی هەواڵی “تەسنیم”ی ئێرانی بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ عەبدوڵڵاهیان لە بەیروت لەگەڵ نەسروڵڵا کۆبووەتەوە، کە لە بەغداوە “بە سەردانێکی هەرێمی” رۆشتووە بۆ لوبنان.
دوێنێ پێنجشەممە، فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی دیمەشق و حەڵەب لە لایەن ئیسرائیلەوە بۆردوومانکران، بەر لە سەردانێکی بەرنامە بۆ داڕێژراوی عەبدوڵڵاهیان بۆ دیمەشق بۆ تاوتوێکردنی هەمان پرس لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی سووریا، میدیاکان ئاماژەیان بەوە کرد کە فڕۆکەی وەزیرەکەی ئێران لە کاتی بۆردومانکردندا بە ئاسمانەوە بووە بۆ سووریا، بەوەش ناچارکرا بگەڕێتەوە ناو ئاسمانی عێراق.
ئاژانسی”تەسنیم” رایگەیاند: “نەسروڵڵا و عەبدوڵڵاهیان رووداو و پێشهاتەکانی ئەم دواییەی ناوچەکەیان خستووەتەڕوو، بەتایبەتی دوای ئۆپەراسیۆنی تۆفانی ئەقسا و دەستدرێژییە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە”.
شەممەی رابردوو حەماس بە مووشەک و باڵۆنە فڕیوەکان هێرشی کردە سەر ناوچەکانی ئیسرائیل لە دەوروبەری کەرتی غەززە و ئیسرائیلیش بە بۆردومان وەڵامی دایەوە و رووداوەکان بوونە هۆی کوژران و برینداربوونی هەزاران کەس لە هەردوولا.
هەروەها بە گوتەی ئاژانسە ئێرانییەکە، وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ نەجیب میقاتی، سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی کاربەڕێکەریی لوبنان، کۆبووەتەوە.