بەغدا.. خۆپیشاندانی لایەنگرانی سەد بۆ پشتیوانی لە فەلەستین و بڕیاری حکومەتی عێراق بۆ ناردنی هاوکاریی مرۆیی بۆ کەرتی غەززە
هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ هەینی، سەدان خۆپیشاندەر و لایەنگری سەدر، بۆ پشتیوانیکردن لە فەڵەستین گەیشتنە گۆڕەپانی تەحریر لە ناوەندی شاری بەغدا.
ئاژانسی هەواڵی ئەلسومەریە ئاماژەی بەوە کردووە، “سەدان خۆپیشاندەر روویان لە گۆڕەپانی تەحریر کرد بۆ ئەنجامدانی نوێژی یەکگرتوو و خۆپیشاندان بۆ پشتیوانی لە دۆزی فەلەستین.”
پێشتر، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، بە مەبەستی پشتیوانی لە گەلی فەلەستین لە دژی دەوڵەتی ئیسرائیل، داوای خۆپێشاندانی ملیۆنی کرد لە شوێنکەوتوانی، هاوکات ساڵح محەمەد ئەلعێراقی ناسراو بە وەزیری سەدر لە زاری سەدرەوە بڵاویکردەوە “ئەی خۆپیشاندەرانی هاتوو بەرەو بەغدای خۆشەویست… با کفنەکان ببن بە جلی یەکپۆشیتان، تا دوژمنەکانتان بترسن.”
دوێنێ پێنجشەممە، حکومەتی عێراق ناردنی یارمەتی مرۆیی و پزیشکی بۆ کەرتی غەززە راگەیاند.
حکومەتی عێراق لە روپەڕی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک رایگەیاند، کە محەمەد شیاع سوودانی. سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریداوە بە ناردنی هاوکاریی پزیشکی و دەرمان و پێداویستی مرۆیی بۆ کەرتی غەززەی فەلەستین.
هەر لەوبارەوە، باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق، رایگەیاند، “وەک دووپاتکردنەوەی هەڵوێستی نەگۆڕ و بنەمایی عێراق سەبارەت بە پرسی فەلەستین، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران فەرمانی كردووە بە ناردنی یارمەتی مرۆیی بۆ کەرتی غەززە کە لەلایەن هێزی داگیرکەری زایۆنیستییەوە (ئیسرائیل) گەمارۆ دراوە”.
بەهەمانشێوە عەوادی راشیگەیانددوە، کە ناردنی ئەم هاوکارییانە بۆ کەرتی غەززە، بە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی میسر ئەنجام دەدرێت، دەشڵێ “یارمەتییەکان، پێکدین لە پێداویستی پزیشکی و دەرمان و پێداویستییە مرۆییە بەپەلەکان بۆ گەلی فەلەستین”.
بەرەبەیانی رۆژی شەممە 7ی تشرینی یەکەم، بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی “تۆفانی ئەقسا”ی دژ بە ئیسرائیل راگەیاند، تاوەکوو پاش نیوەڕۆی هەمان رۆژ، نزیکەی “5000” مووشەکی ئاراستە کردن، دوای هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماس، سوپای ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومان و تۆپبارانی چەند شوێنێکی غەززە کرد و لە هەندێک شوێنیش شەڕ لەنێوان سەربازانی ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس روویدا.
سوپای ئیسرائیل رایدەگەیێنێت، زیاتر لە 1200 هاووڵاتی، لەنێویاندا 155 سەربازی ئیسرائیل، لە شەڕەکەدا کوژراون.
بەرپرسانی غەززەش دەڵێن 1055 هاووڵاتیی سڤیل بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە کوژراون، لەنێویاندا 260 منداڵ و 230 ژن هەن.
ئەمەش لەکاتێکدایە، ئیسرائیل گەمارۆی تەواوەتیی خستووەتە سەر غەززە و چەند رۆژێکە بە چڕی تۆپبارانی غەززە دەکات.