بریندار بوونی ژنێکی تەمەن 50 ساڵان بە هۆی بۆردوومانکردنی کامپی مەخموورەوە بە درۆن

هەولێر – نۆرس پرێس

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، کامپی مەخموور لە پارێزگای هەولێر، کە ئاوارەکانی باکووری کوردستانی تێدا نیشتەجێن، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆردوومانکرا و قایمقامی مەخموور دەڵێ ژنێکی تەمەن 50 ساڵان بریندار بووە.

درۆنەکانی تورکیا ناوبەناو بە درۆن کامپی ئاوارەکانی باکووری کوردستان لە قەزای مەخموور بۆردوومان دەکەن، رۆژی شەممەی پێشووش، 7ی تشرینی یەکەم، درۆنێک بە دوو مووشەک ناو کامپی مەخمووری بۆردوومان کرد، کەسێک گیانی لەدەستداوە و ژنێک و دوو منداڵی دیکەش برینداربوون و زیان بەر هاوڵاتیان و مزگەوتی ناو کامپەکە کەوت.

تا ئێستا بە تەواویی زیانە ماڵی و گیانییەکانی بۆردوومانەکەی ئەمڕۆ نەزانراوە، بەڵام قایمقامی قەزاکە بە ئاژانسەناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستانی راگەیاندووە، کە ژنێکی تەمەن 50 ساڵان برینداربووە.

کامپی مەخموور، ساڵی 1998 لە داوێنی چیای قەرەچووخ دروستکراوە، نزیکەی 12هەزار هاوڵاتی سڤیلی کوردی باکووری کوردستانی تێدا نیشتەجێن، کە بەهۆی سوتاندن و وێرانکردنی گوندەکانیانەوە، لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە، لە ساڵی 1994 ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون.