پاش بەئامانجگرتنی هەردوو فڕۆکەخانەکانی دیمەشق و حەڵەب.. گەشتەکان گواسترانەوە بۆ فڕۆکەخانەی لازقییە
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئێوارەی دوێنی پێنجشەممە، میدیاکانی نزیک لە حکومەتی سووریا رایانگەیاند، ئیسرائیل فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی دیمەشق و حەڵەبی بۆردومانکردووە، ئەمەش پێش سەردانەکەی “حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان” وەزیری دەرەوەی ئێران دێت بۆ ئەو وڵاتە.
رۆژی سێشەممەی رابردووە، میدیاکانی ئیسرائیل رایانگەیاند کە سووریا چەند موشەکێکی بەرەو ئیسرائیل هەڵداوە و دوای چەند کاتژمێرێک سوپای ئیسرائیل رایگەیاند کە هێزەکانیان بە تۆپ و هاوەن وەڵامیان داونەتەوە.
هاوکات، سەرچاوەیەکی ئەمنی تایبەت لە حەڵەب بە نۆرس پرێسی راگەیاند، “فڕگەی فڕۆکەخانەی حەڵەب کراوەتە ئامانج، زیانەکانیش تەنها ماڵی بوون، تا ئێستاش هیچ هەواڵێک لەبارەی هیچ زیانێکی گیانیەوە لەئارادا نییە”.
میدیاکان باسیان لەوە کردووە کە فڕۆکەخانەکانی دیمەشق و حەڵەب “بەشێوەیەکی کاتی لە خزمەتگوزاری دەرچوون”.
دوێنێ رۆژنامەی “ئەلوەتەن”ی سووری بڵاویکردەوە، کە حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ دەگاتە دیمەشق و تاوتوێی دوایین پێشهاتەکان، بەتایبەت پێشهاتەکانی گۆڕەپانی فەلەستین دەکات.
لە کاتێکدا سەرچاوەکانی دیکە دەڵێن، “ئیلاهیان لە کاتی بە ئامانجگرتنی ئیسرائیل بەرەو دیمەشق دەڕۆیشت و ئەو فڕۆکە ئێرانییەی کە وەزیری دەرەوەی ئێران تێیدا بووە، بە ئاراستەی ئاسمانی عێراقدا گەڕاوەتەوە”.
وەزارەتی گواستنەوە لە حکومەتی سووریا، دوێنی پێنجشەممە رایگەیاند، سەرجەم گەشتە بەرنامە بۆ داڕێژراوەکان لە رێگەی فڕۆکەخانەکانی دیمەشق و حەڵەبەوە (هاتن و ڕۆیشتن) بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی لازقییە گواستراونەتەوە.
وەزارەتەکە لە راگەینراوێکدا دەڵێ، “دوای ئەو دەستدرێژییەی ئیسرائیل کە فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی دیمەشق و حەڵەبی کردە ئامانج و لە خزمەتگوزاری دەرچوون، بڕیاردرا گەشتە بەرنامە بۆ داڕێژراوەکان (هاتن و رۆشتن) لە رێگەی ئەو دوو فڕۆکەخانەوە بگوازرینەوە بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی لازقییە”. داواشیان لە سەرجەم گەشتیاران کردووە کە کاتی گەشت و گۆڕینی گەشتەکانیان لەگەڵ کۆمپانیاکانی هێڵی ئاسمانی و فەرمانگە پەیوەندیدارەکانیان رێکبخەن، هەروەها بۆ هەر پرسیارێک پەیوەندی بە ئیدارەکانی فڕۆکەخانەکانەوە بکەن