لە ساڵیادی تیرۆرکردنی هه‌ڤرین خەلەف، ئه‌نجومه‌نى سورياى ديموكرات داوای دادپەروەری لەو دۆسیەیە و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی تاوانەکە دەکات
ژووری هەواڵ – نۆرس پرێس
ئەنجومەنی سوریای دیموکرات داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ده‌كات کە دادپەروەری لە دۆسیەی تیرۆرکردنی هه‌ڤرین خەلەف سکرتێری گشتی پارتی سوریای ئایندە و ئەندامی ئەنجومەنی سەرۆکایەتی مه‌سه‌ده و شۆفێر و هاوڕێيه‌كى بەدەستبهێنێت و سزاکانی سەر تاوانباران و ئەنجامدەرانی ئه‌م كرده تيرۆريستييه فراوانتر بکات بۆ ئەوەی هەموو تاوانباران بگرێتەوە و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.
ئەمڕۆ ١٢ی تشرینی یەکەم، چوارەمین ساڵڕۆژی تیرۆرکردنی ههڤرين خەلەفه، لەگەڵ شۆفێری ئۆتۆمبێل و هاوڕێيه‌كى، لەلایەن گروپه چه‌كداره‌كانى سورياى سه‌ر به تورکیا، لە کاتی هێرشی تورکیا بۆ سەر شارەکانی سه‌رێ كانێ و گرێ سپى لە ساڵی ٢٠١٩ .
“مه‌سه‌ده” لە ڕاگەیەندراوێکدا کە لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆیدا بڵاویکردووەتەوە، ڕایگەیاندووە، تيرۆركردنى سیاسەتمەدار هه‌ڤرین خەڵەف و هاوەڵەکانی لە به رۆژى ڕووناک، بە تاوانی جەنگ پۆلێن دەکرێت و پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.
ئاماژە به‌وه‌ش كراوه، سەرەڕای بەشداریکردنی گروپى ئەحرار ئەلشەرقییە و سەرۆکەکەی، ئەحمەد حسان فەیاز ئەلهایس (حاتم ئەبو شەقرە) کە سەرپەرشتی كرده تيرۆريستييه‌كه‌ى كردووه و لە لیستی سزاکانی ئەمریکادايه، به‌ڵام هێشتا دادپەروەری بۆ ئه‌م كه‌يسه جێبه‌جێ نه‌كراوه.
هه‌ر لە راگه‌يه‌ندراوه‌كه‌دا ئه‌نجومه‌نى سورياى ديموكرات ده‌خوازێت روانينێكى فراوانترى نێودەوڵەتی هه‌بێت بۆ کۆتاییهێنان بە بوونی هێزه‌كانى تورکیا لە ناوچەکانی سوریا و دوورخستنەوەی هەموو گروپه چەکدارەكانى سورياى سه‌ر به توركيا و پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لەو تاوانانه‌ى ئه‌نجامدراون له‌گه‌ڵ قەرەبووکردنەوەی ئەوانەی زیانیان بەرکەوتووە، هه‌روه‌ها راپێچكردنى تاوانباران و پێشێلکارانی مافی مرۆڤ بۆ به‌رده‌م دادگا.
لە کۆتایی راگه‌يه‌ندراوه‌كه‌دا داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی چالاک و کاریگەری ناو دۆسيه‌ى سوریا کراوه، تورکیا ڕابگرن و لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکەن لە بەرامبەر ئەو تاوانانەی دژى هاووڵاتيانى رۆژئاواى كوردستان و ژێرخانی ناوچه‌كه ئەنجامی دەدات. ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو تورکیا لە بەهاری ٢٠١٨ەوە کە عەفرینی داگیرکرد، تاوانەکانی ڕانەگرتووە، هەروەها هەموو لایەنەکانی ژیانی ناوچەکەی کردۆتە ئامانج، دوایینیان بە ئامانجگرتنی دامەزراوە گرنگەکانى وزە، ئاو، ناوەندەکانی دانەوێڵە، قوتابخانە و نەخۆشخانەکان بوون، جيا له ژماره‌يه‌كى زۆرى شه‌هيد و بريندار.