بەڕێوبەریی خۆسەریی هۆشداریدەدات لە راگرتنی نەخۆشخانە و بنکەتەندروستییەکان بەهۆی بۆردوومانی تورکیاوە
قامشلۆ – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەرپرسێکی بەڕێوبەریی خۆسەریی هۆشداریدا لەوەی نەخۆشخانە و دامەزراوە تەندروستییەکان دوای بۆردومانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاڤا راگیراون.
لە 5ی ئۆکتۆبەرەوە بۆردومانەکانی تورکیا بۆ سەر دامەزراوە گرنگەکان لە رۆژئاوای کوردستان بوونەتە هۆی ئەوەی وێستگەکانی کارەبا لە حەسەکە، عامودا، قامشلۆ، ترپەسپی و دێریک لە خزمەتگوزاری دەربچن.
دامەزراوەکانی غاز و کارەبا لە سویدییە، لە گوندەواری دێریک، لە ئەنجامی زنجیرەیەک هێرش و بۆردومانی تورکیا بۆ سەریان، بە تەواوی لە خزمەتگوزاری دەرچوون، کە تورکیا ئەمە بە “ئامانجی شەرعی” دادەنێت، لە پاشخانی تەقینەوەکەی ئەنقەرەدا، کە دەسەڵاتدارانی تورکیا گوتیان “کە تاوانبارانی لە سوریاوە هاتوون.”
خالد داود، هاوسەرۆکی دەستەی تەندروستی لە هەرێمی جەزیرە، بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکرد، نەخۆشخانەکان و دامەزراوە تەندروستییەکان لەژێر فشاردا کاردەکەن، لەئەنجامی پچڕانی ئاو و کارەبای نیشتمانی دوای بۆردومانەکەی تورکیا.
ئاماژەی بەوەشکرد، “ئێستا پشتبەستنی سەرەکیمان بە مۆلیدەکانە، بەڵام نازانین تا چەند دەتوانین خزمەتگوزاری تەندروستی پێشکەش بکەین، چونکە زیانە ماڵییەکان زۆر زۆرن”.
ئەو بەرپرسە هێرشەکانی تورکیا و بەئامانجگرتنی ناوەندە خزمەتگوزارییەکان، بەتایبەتی نەخۆشخانەکانی، بە “تاوانی جەنگی دژ بە مرۆڤایەتی” وەسف کرد.
لە میانەی راگەێنراوێکدا، دەستەکە داوای لە “هەموو رێکخراوەنێودەوڵەتییەکان، نەتەوەیەکگرتووەکان، رێکخراوی تەندروستی جیهانی و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کرد، لەبەرامبەر ئەو پێشێلکاریانەدا بێدەنگ نەبن و ئەرکی خۆیان لە بەرامبەر ئەو تاوانانەدا جێبەجێ بکەن”.
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشدا، “هەرچەندە داوامان لە وڵاتانی گەرەنتیکار و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و تەندروستی جیهانی کردووە کە بەخێرایی دەستوەردان بکەن و رێگە لە تورکیا بگرن لە درێژەدان بە هێرشەکانی، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا هیچ وەڵامێکمان وەرنەگرتووە”.