ئیدلیب – نۆرس پرێس
دوێنێ چوارشەممە، گەنجێکی پەنابەری سووری خەڵکی شاری حەڵەبی باکوری سوریا، لەلایەن هاووڵاتییەکی تورکەوە لە ویلایەتی غازی عەنتاب لە باشووری تورکیا، لە دەستدرێژییەکی نوێدا و لە ژێر رۆشنایی زیادبوونی هێرشە رەگەزپەرستییەکان دژی سورییەکان، بە فیشەک کوژرا.
لەم دواییانەدا چڕی هێرشە رەگەزپەرستییەکان دژ بە پەنابەرانی سووری لە ناو تورکیا پەرەیسەندووە، بەتایبەتی لە شارەکانی ئیستەنبوڵ و ئیزمیر، ئەمەش لە کاتێکدایە کە گەورەترین هەڵمەتی دیپۆرتکردنەوە لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە دەستیپێکردووە بۆ سەر ئەو پەنابەرە سووریانەی کە لە خاکی تورکیا نیشتەجێن.
سەرچاوەیەکی نزیک لەو گەنجە کوژراوە کە ناوی (ئەحمەد مەحمود ئەلسەغیر، تەمەن 27 ساڵ)ە رایگەیاند، دوێنێ لەکاتی گەڕانەوەی لە کارەکەی لە ناوچەی دوز تەپەی سەر بە پارێزگای غازی عەنتاب، لەلایەن گەنجێکی تورکەوە تەقەی لێکراوە و گیانیلەدەستداوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، فیشەکەکە لە ژێر سەریدا جێگیر بووە، لەوێ لەلایەن دانیشتووانەوە چارەسەری بۆ کراوە، بەڵام تا دەیگوازنەوە گیانلەدەست دەدات و تا ئێستا هۆکاری تەقەکردنەکەی نەزانراوە.
لە کۆتایی مانگی تەمموزی رابردوودا گەنجێکی سووری بە چەقۆ بە دەستی تورکەکان لە ناوچەی قوناک لە شاری ئیزمیری تورکیا کوژران.
ئەو گەنجە سورییە خەڵکی شاری حەڵەبە و سێ ساڵ لەمەوبەر بەمەبەستی کارکردن بەرەو خاکی تورکیا رۆشتووە، خێزاندارە و باوکی کچێکی تاقانەیە.