شەشەم رۆژی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە غەززە

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ پێنجشەممە، شەشەم رۆژی گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان بزوتنەوەی حەماسی فەلەستینی و ئیسرائیل بەردەوامی هەیە، ئەویش پاش ئەوەی رۆژی شەممەی رابردوو، 7ی ئۆکتۆبەر، بە هۆی هێرشی مووشەکی و دزەکردنی چەکدارانی حەماس بۆ ناو خاکی ئیسرائیل، گرژییەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل سەریانهەڵدایەوە.

بەگوێرەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، تاوەکو 11ی ئەم مانگە ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە کەرتی غەززە ئاوارە بوون گەیشتووەتە 338 هەزار و 934 کەس، ژمارەکەش بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە.

نزیکەی 220 هەزار کەس لەو ئاوارانە پەنایان بۆ قوتابخانەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کەرتی ‌غەززە بردووە و نزیکەی 15 هەزاری دیکەیان لە قوتابخانەکانی فەلەستینییەکان پەنادراون و زیاتر لە 100 هەزاری دیکەشیان پەنایان بۆ کەنیسە و شوێنەکانی دیکە بردووە.

بەرپرسانی فەلەستین ئاماژە بەوە دەکەن، لانیکەم 2540 باڵەخانە و خانوو بەهۆی بۆردوومانەکانەوە خاپوور کراون.

بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین، ژمارەی ئەوانە لە غەززە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە 1200 کەس و زیاتر لە 5600 کەسی دیکەش بریندار بوون.

ئامارەکانی سوپای ئیسرائیلیش ئەوە دەردەخەن کە 1200 کەسیش لە ئیسرائیل کوژراون و 1100 کەسی دیکەش بریندار بوون.

هەر ئەمڕۆ، ستیڤان دووژاریک، گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، “لە رۆژی شەممەوە 11 کارمەندی رێکخراوی فریاگوزاریی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەرانی فەلەستینی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کوژراون.”

دووژاریک ئاماژەی بەوەش کرد، لانیکەم 30 خوێندکاری فەلەستینی لەو خوێندنگەیانەی کە نەتەوە یەکگرتووەکان لە غەززە دروستی کردوون، کوژراون و 8ی دیکەش بریندار بوون.

نەتەوە یەکگرتووەکان لە راگەیێندراوەکەیدا دەشڵێت، “دەبێت گیانی کارمەندانی نەتەوە یەکگرتووەکان و خەڵکی سڤیل پارێزراو بێت. داوا لە لایەنەکانی شەڕ دەکەین کۆتایی بە شەڕەکە بهێنن بۆئەوەی گیانی هاووڵاتییانی سڤیل پارێزراو بێت.”

هاوکات ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بە کارەکانی رێکخراوەکە کرد لە کەرتی غەززە و گوتی، “نزیکەی 220 هەزار فەلەستینی لە 92 پەناگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە غەززە پەنادراون؛ نابێت بە هیچ شێوەیەک بارەگاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، نەخۆشخانەکان و قوتابخانەکان بە ئامانج بگیرێت.”

دوێنێ چوارشەممەش، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی لە میسر کۆبوونەوەیەکی بەپەلەیان لەسەر دۆخی فەلەستین کرد. دوای کۆبوونەوەکە راگەیێندراوێکیان بڵاوکردەوە و تێیدا رایانگەیاند، “داوا لە ئیسرائیل دەکەین دەستبەجێ رێگە بدات خۆراک، سووتەمەنی و هاوکارییە مرۆییەکان بگەیێندرێتە غەززە.”

وەزیرانی دەرەوەی کۆمکاری عەرەبی داواشیان لە ئیسرائیل کرد، “بەو بڕیارە نادادپەروەرەدا بچێتەوە کە بۆ بڕینی ئاو و کارەبای غەززەدا داویەتی.”

هەروەها دوێنێ چوارشەممە، وەزارەتی دەرەوەی چین رایگەیاند؛ ژای جون، نێردەی چین بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ ئەمەل جادو، جێگری وەزیری دەرەوەی فەلەستین کردووە و نیگەرانیی چینی لە ‌هەڵگیرسانی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل بەو بەرپرسە فەلەستینییە راگەیاندووە.

ژای جون، هەروەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، بە بەرپرسانی فەلەستینی راگەیاندووە، “چین نیگەرانە لە هەڵگیرسانی شەڕەکە و تێكچوونی دۆخی مرۆیی و ئەمنیی فەلەستین. دەبێت کاری هەرە لەپێشینە راگەیاندنی دەستبەجێی ئاگربەست و پاراستنی هاووڵاتییانی سڤیل بێت.”

دوێنێ خالید مەشعەل، سەرۆکی پێشووی بزووتنەوەی حەماس، کە ئێستا سەرۆکایەتیی نوێنەرایەتیی حەماس لە دەرەوە دەکات، لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، “پێویستە رۆژی هەینی هاووڵاتیانی وڵاتانی عەرەبی و جیهانی ئیسلامی، بە تایبەت دراوسێکانی فەلەستین، بڕژێینە سەر شەقامەکان بەرامبەر بە ئیسرائیل ناڕەزایەتی دەربڕن”.

مەشعەل لە گرتە ڤیدیۆییەکەیدا گوتی، “ئەرکی خەڵک و وڵاتانی ئوردن، سووریا، لوبنان و میسرە کە پاڵپشتیی فەلەستینییەکان بکەن. ئێستا کاتی راستگۆییە و ئێوە هەمووتان بەرپرسیارێتیی خۆتان دەزانن.”

ئەوەش لەکاتێکدایە، ئیسرائیل گەمارۆی تەواوەتیی خستووەتە سەر غەززە و چەند رۆژێکە بە چڕی تۆپبارانی غەززە دەکات.

ئەمڕۆش، ئاژانسی هەواڵیی فەرمیی سعودیە بڵاویکردەوە کە محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەلایەن ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێرانەوە پێگەیشتووە و هەردوو سەرکردەکە دۆخی فەلەستین و ناوچەکەیان تاوتوێ کردووە.

میدیای فەرمیی سعودیە ئاماژە بەوە دەکات، محەممەد بن سەلمان لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی باسی لە هەڵوێستی سعودیە کردووە و رایگەیاندووە، سعودیە پاڵپشتی لە پرسی فەلەستین دەکات، “محەممەد بن سەلمان بە رەئیسیی راگەیاندووە لەگەڵ لایەنە هەرێمییەکان و نێودەوڵەتییەکان قسە دەکات بۆئەوەی کۆتایی بەو دۆخە بهێنن.”

میدیای فەرمیی ئێرانیش دەڵێت، “هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەی پێویستیی کۆتاییهێنان بە تاوانی جەنگ دژی فەلەستین کردووە.”

بەرەبەیانی رۆژی شەممە 7ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی “تۆفانی ئەقسا”ی دژ بە ئیسرائیل راگەیاند، تاوەکوو پاش نیوەڕۆی هەمان رۆژ، نزیکەی “5000” مووشەکی ئاراستە کردن، دوای هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماس، سوپای ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومان و تۆپبارانی چەند شوێنێکی غەززە کرد و لە هەندێک شوێنیش شەڕ لەنێوان سەربازانی ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس روویدا.

سوپای ئیسرائیل رایدەگەیێنێت، زیاتر لە 1200 هاووڵاتی، لەنێویاندا 155 سەربازی ئیسرائیل، لە شەڕەکەدا کوژراون.

بەرپرسانی غەززەش دەڵێن 1055 هاووڵاتیی سڤیل بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە کوژراون، لەنێویاندا 260 منداڵ و 230 ژن هەن.