دەسەڵاتدارانی تورکیا 120 پەنابەر دیپۆرتی سووریا دەکەنەوە.. لە نێویاندا 12 هاووڵاتی عێراقی هەیە
رەققە – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ پێنجشەممە، دەسەڵاتدارانی تورکیا لە ڕێگەی دەروازەی گرێ سپییەوە لە باکووری رەققە، 120 پەنابەریان بۆ ناو خاکی سووریا دیپۆرتکردەوە، کە لە نێویاندا ژن و منداڵ و 12 هاووڵاتی عێراقی هەبوون، ئەمەش لە کاتێکدایە کە خێرایی پرۆسەی دیپۆرتکردنەوەکان، کە بەنزیکەیی بە رۆژانە لە لایەن تورکیاوە ئەنجام دەدرێن، کاریگەرییان لەسەر خەڵکی سووریا هەیە.
هەفتەی رابردووش، سەرچاوە ئیدارییەکان لە چوار دەروازەی باکووری رۆژئاوای سووریاوە ئاشکرایان کردبوو، کە دەسەڵاتدارانی تورکیا تەنیا لە مانگی ئەیلولی رابردوودا زیاتر لە 13 هەزار سوورییان بۆ ناو خاکی وڵاتەکەیان بە زۆرەملێ راگواستووە.
سەرچاوە ئیدارییەکانی دەروازەی گرێ سپی بە نۆرس پرێسیان راگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەسەڵاتدارانی تورکیا 120 پەنابەریان دیپۆرتکردووەتەوە، کە لەنێویاندا 12 پەنابەری عێراقی هەبوون، لە دەروازەکەوە رادەستی میلیشیای “شورتەی عەسکەری” دڵسۆزیان کراونەتەوە.
ئاماژەیان بەوەشکرد، “شورتەی عەسکەری” دیپۆرتکراوەکانی گواستووەتەوە بۆ ناوەندەکانی داڵدەدان، لەوێ دەهێڵرێنەوە تا لێکۆڵینەوەی ئەمنی لەگەڵیان تەواو دەبێت، دوای ئەوەی هەموو ناسنامەیەک تۆمارکرا و پەنجەمۆر و چاپی چاویان لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە گیراوە، بۆ ئەوەی رێگری لە گەڕانەوەیان بکرێت.
لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا، دەسەڵاتدارانی تورکیا لە رێگەی دەروازەی باب ئەلهەواوە لە باکووری ئیدلب، 350 پەنابەری سوورییان دیپۆرتکردەوە.
جگە لەوەش سەرچاوەکان لە ناو دەروازەکانی باب ئەلسەلامە و باب ئەلهەوا و گرێ سپییەوە رایانگەیاندووە کە لە سەرەتای ئەم مانگەوە ژمارەی دیپۆرتکراوان گەیشتووەتە نزیکەی 5 هەزار کەس.