بە سوود وەرگرتن لە بارودۆخی ململانێکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.. نیگەرانییەکانی ئەمریکا لە ئەگەری هێرشی ئێران بۆ سەریان
حەسەکە – نۆرس پرێس
بەرپرسانی ئەمریکی نیگەرانن لە ئەگەری هێرشی نوێ بۆ سەر هێزە جێگیرەکانیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئێران و هێزەکانییەوە، لەگەڵ پەرەسەندنی ململانێکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە شەممەی رابردووەوە.
رۆژنامەی “پۆلیتیکۆ”ی ئەمریکی بڵاویکردەوە، بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری بە تایبەتی نیگەرانن لەوەی کە گروپە هەڵسورێنراوەکان لە لایەن ئێرانەوە، لە عێراق و سووریا، یان هێزەکانی ئێران لە کەنداوی عەرەبی، ناسەقامگیری ناوچەکە بقۆزنەوە بۆ هێرشکردنە سەر هێزە ئەمریکییەکان یان هێزە هاوبەشەکان کە لەم دوو وڵاتەدا چالاکن.
رۆژنامەکە لە زاری دوو بەرپرسی پنتاگۆنەوە گواستوویەتەوە، یەکێکیان ئاماژەی بەوە کردووە کە ململانێی بەردەوامەکان “دەرفەت” دەرەخسێنن بۆ ئەوە.
رائید جێفری کارمایکل، گوتەبێژی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئەمریکا بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش لە سووریا و عێراق رایگەیاند، هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاگادارن لەوەی کە ئەو بە ئەکتەرە “قێزوەنەکان” وەسفی کردووە، کە رەنگە هەوڵی سود وەرگرتن لە ململانێکان و ناسەقامگیری ناوچەکە بدەن.
بەڵام گوتەبێژی سەربازی لە هەمان کاتدا وتی کە ئەمریکا رێگە بەو لایەنانە نادات (بەبێ ئەوەی ناویان بهێنێت) هێزەکانی ئەمریکا رابکێشنە ناو ئەو شەڕانەی کە لە ئەرکەکەیان لە ناوچەکە دوور بکەونەوە، هەروەها مافی بەرگریکردن لە خۆیان لە کاتی رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکاندا دەپارێزێت.
سوپای ئەمەریکا لە دوای ئیدارەی ترەمپەوە نزیکەی 900 سەربازی لە سوریا جێگیرکردووە، کەوا گرنگی بە رووبەڕووبوونەوەی داعش لە رێگەی هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە دەدەن، لە کاتێکدا ئەمریکا لە ساڵی 2021دا کۆتایی بە ئەرکی شەڕی خۆی لە عێراق هێنا، بەڵام هێشتا نزیکەی دوو هەزار و 500 سەربازی ئەمریکی لەو وڵاتەدا ماون بۆ راوێژدان بە سوپای عێراق.
پێگە ئەمریکییەکان لە هەردوو وڵات پێشتر لەلایەن گروپە هەڵسوڕێنراوەکان لە لایەن ئێرانەوە هێرشیان کراوەتە سەر.
ئەمریکا گروپێک فڕۆکەهەڵگری لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و فڕۆکەی جەنگی دیکەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ پشتیوانی لە ئیسرائیل جێگیر کردووە.
بەرپرسانی پنتاگۆن رەتیانکردەوە ئەوە دیاری بکەن، کە ئایا هیچ ڕێوشوێنێکی زیادە بۆ پاراستنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا گیراوەتەبەر یان نا.