عێراق.. کوژران و دەستگیرکردنی چەند ئەندامێکی “داعش” لە دوو پارێزگای ئەو وڵاتە

هەولێىر– نۆرس پرێس

ئەمڕۆ چوارشەممە هێزەکانی عێراق توانیان 4 ئەندامی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە پارێزگاکانی سەلاحەدین و ئەنبار بکوژن و دەستگیر بکەن.

دوێنێ سێشەممە، فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق وێرانکردنی چەند پێگەیەکی سەر بە دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)یان لە پارێزگای کەرکوک راگەیاند.

دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری عێراقی لە راگەێنراوێکدا، کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاندووە، “بە پشتبەستن بە زانیارییە هەواڵگرییە وردەکان، هێزە ئەمنییەکان توانیان بۆسەیەکی ورد دابنێن و سێ تیرۆریستی رێکخراوی داعش لە قەزای توزخورماتووی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدیین لەناوببەن”.

هەروەک هێزە عێراقییەکان لە راگەێنراوێکی دیکەدا ئاماژەیان بەوەشکردووە، “کەسێکیان لە رۆژهەڵاتی پارێزگای ئەنبار دەستگیرکردووە کە لە دۆسیەکانی تیرۆردا داواکراوە “

لە کاتێکی پێشتری ئەمڕۆدا، هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەستگیرکردنی سێ ئەندامی داعشیان لە پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای ئەو وڵاتە راگەیاند.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: سەعد ئەلیازچی