ئەمریکا ژمارەی کوژراوانی هاووڵاتییانی ئەمریکیی لە ئیسرائیل راگەیاند

هەولێر– نۆرس پرێس

ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماری کوژراوانی هاووڵاتییانی ئەمریکیی لە شەڕو ئاڵۆزییەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیلدا بڵاوکردەوەو، رایگەیاند کە 22 ئەمریکی لە ناو ئیسرائیلدا کوژراون.

ھاوکات جەیک سولیڤان ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا ئاشکرایکرد، پشتیوانی سەربازی زیاتر بۆ ئیسرائیل دەنێرن.

گوتیشی، بوونی کەشتییە فڕۆکەھەڵگرەکانمان لە کەناراوەکانی ئیسرائیل پەیامێکە بۆ ھەر لایەنێک کە بیر لە ھێرش بکاتەوە.

بەگوتەی جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ”نزیکەی 20 کەسی ئەمریکیش بێسەروشوێنن، گوماندەکرێت بەشێکیان لەنێو بارمتەکاندا بن.”

ئەو گوتانە لەکاتێکدان؛ دوێنێ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ژمارەی کوژراوانی ئەمریکی لە هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیلدا 14 کەسن.

لای خۆشیەوە نەتەوە یەکگرتووەکان باس لەوەدەکات لە رۆژی شەممەی رابردوەوە 11 کارمەندیان لە غەززە کوژراون.

لە رۆژی شەممەی رابردووەوە بە هۆی هێرشی مووشەکی و دزەکردنی چەکدارانی حەماس بۆ ناو خاکی ئیسرائیل، گرژییەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل سەریانهەڵدایەوە.

به‌گوێره‌ی ماڵپه‌ڕی ینێتی ئیسرائیلی، کە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاویانکردەوە، تاوه‌كو ئێستا هه‌زار و 200 ئیسرائیلی له‌ئه‌نجامی هێرشه‌كانی حه‌ماس بۆسه‌ر ناوچه‌كانی ئیسرائیل كوژراون، هه‌روه‌ها به‌فه‌رمیش بێسه‌روشوێنبونی 200 كه‌س پشتڕاستكراوه‌ته‌وه‌.

لە لایەکی دیکەوە، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی غه‌ززه‌ رایگه‌یاند، له‌ سه‌ره‌تای بۆردومانه‌كانی سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه‌وە تا ئێستا 950 فه‌ڵه‌ستینی كوژراون و پێنج هه‌زار كه‌سیش بریندار بون كه‌ له‌نێو كوژراوه‌كاندا 260 منداڵ هه‌یه‌.