ماتەمینی بۆ شەهیدانی ئاسایشی رۆژئاڤا لە لایەن نوێنەرایەتی بەڕێوبەریی خۆسەرییەوە لە هەرێمی کوردستان
سلێمانی – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ چوارشەممە، نوێنەرایەتی بەڕێوبەریی خۆسەریی لە هەرێمی کوردستان لە بنکەکەیان لە شاری سلێمانی بۆ گیانی 29 شەهیدی بەشی بەگژداچوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە ئاسایشی رۆژئاوای کوردستان، ماتەمینی دەگێڕێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، نوێنەرایەتی بەڕێوبەریی خۆسەریی لە هەرێمی کوردستان لە راگەێنراوێکدا کە هاوپێچکرابوو بە وینەی شەهیدانی ئاسایشی رۆژئاڤا، بڵاوکراوەیەکیان لە تۆڕی جڤاکی فەیسبووک بڵاوکردەوە، تیایدا هاتووە، ” نوێنەرایەتی بەڕێوبەریی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا لە هەرێمی کوردستان/ سلێمانی پێشوازیتان لێ دەکات، بە مەبەستی ئامادەبوون لە پرسەی ماتەمینی بۆ شەهیدبوونی کۆمەڵێک لە ئەندامانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و سەرجەم شەهیدانی رۆژئاڤا و باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، کە بە هۆی هێرشەکانی تورکیاوە بوونە قوربانی”.
رۆژی دووشەممەی رابردوو، بهڕێوبهرهیی خۆسەریی سێ رۆژ ماتەمینی بۆ شههیدبوونی 29 ئەندامی هێزەكانی ئاسایشی رۆژئاڤا راگەیاند، کە له ئهنجامی بۆردومانێکی تورکیادا بۆ سەر ئەکادیمیای هێزەکانی روبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە دێریکی رۆژئاوای كوردستان کرانە ئامانج.
بهڕێوبهریی خۆسەریی هێرشەکەی تورکیای بە “خوێناوی” وەسف کردووە، کە تیایدا 29 ئەندامی هێزەکانی دژ به ماددە هۆشبەرەکان شههیدبوون و 28ی دیکەش بە پلەی جیاواز برینداربوون.
