سوودانی و پوتین دۆسیە سیاسی و ئابوورییەکانی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان تاوتوێکرد

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ چوارشەممە، محەمەد شیاع سوودانی بە یاوەری شاندێکی حکوومی، لە نێویاندا فواد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق ئامدەبوو، سەردانی مۆسکۆی پایتەختی رووسیای کرد و لە گەڵ ڤلادمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا کۆبوونەوە.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، ڤلادمیر پوتین بەخێرهێنانی سەرۆکوەزیرانی عێراقی کرد و رایگەیاند، کە “پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو دەوڵەت بەسەرکەوتووی بەرەوپێش دەچێت و ساڵی ئایندە بە بۆنەی تێپەڕینی 80 ساڵ بەسەر دەستپێکردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوانمان، ئاهەنگ دەگێڕین”.

پوتین گوتیشی: ” لە ساڵانی رابردوودا وڵاتەکەمان هەوڵی باشی داوە بۆ پێشخستنی پەیوەندی نێوان هەردوو وڵات، بە تایبەتی لە بواری ئابووریدا و ئێستا قەبارەی ئاڵوگۆری بازرگانی نێوان رووسیا و عێراق لە ساڵی رابردوودا بە رێژەی 43% بەرزبووەتەوە، ئێستاش کۆمپانیا گەورەکانی رووسیا لو وڵاتەکەتان کار دەکەن و قەبارەی بازرگانی نێوانمان بەرزبووەتەوە بۆ 19 ملیار دۆلار”.

پوتین بە سەرۆکوەزیرانی عێراقی گوت، سەردانەکەتان لە کاتێکدایە کە چەندین قەیران و ئاڵۆزی لە ئارادان، بە تایبەتی دۆسیەی ئۆکرانیا و ئاڵۆزبوونی دۆخەکە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە ڤلادمێر پوتین هۆکاری هەموو ئەمانەی گێڕایەوە بۆ سیاسەتە “شکستخواردووەکان”ی ئەمریکا لەو ناوچانە، بە گوتەی ئەو کە “هەوڵی نێوەندگیریی دەدات لە نێوان لایەنەکاندا، بە بێ ئەوەی هەوڵی چارەسەریی یەکجارەکی بدات”، گوتیشی دڵنیان زۆر کەس لەمەدا لەگەڵم هاوڕان.

ئەمە جگە لەوەی بەرپرسیارێتی دروستنەبوونی دەوڵەتێکی بۆ فەلەستین خستە سەرشانی ئەمریکا و ئەمەشی بە سەرچاوەی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین باسکرد.

لە بەرامبەردا محەمەد شیاع سوودانی، رایگەیاند کە “سەردانەکەیان لە کاتێکی ئاڵۆزدا هاتووە، کە ناوچەکە بەروەپێشچوونی ترسناک بەخۆوە دەبینێت، بە تایبەتی لە فەلەستین، کە ساڵانێکە داگیرکاری ئیسرائیلی بە تاوانی جیا جیا هەڵدەستێت بەرامبەر بە گەلی فەلەستین و لەبەرامبەر بێدەنگییەکی جیهانیدا، بەرپرسیارێتیییەکی ئەخلاقی لەبەردەم وڵاتانی زلهێزدایە بۆ راگرتنی ئەم پێشێلکارییانە”.

جگە لەوەش، رایگەیاند کە مەبەست لە سەردانەکەی بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە، سیاسی و ئابووری و رۆشنبیرییەکانی نێوان هەردوو وڵاتە و بە تایبەت لە بواری وزەدا کە بە گوتەی ئەو وڵاتەکەی “بەردەوام دەبێت لە بەرێوپێشبردنی کەرت وزە لەژێر سایەی ئۆپیک پلەسدا”.