دەسەڵاتدارانی تورکیا بریندار و دەستبەسەرداگیراوی سووری رادەستی “نوسرە” دەکاتەوە
ئیدلیب – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ چوارشەممە، دەسەڵاتدارانی تورکیا 3 کۆچبەری بریندار و 25ی دەستگیرکراویان رادەستی هێزە ئەمنییەکانی دەستەی تەحریرشام (بەرەی نوسرەی پێشوو) کرد، لە رێگەی دەروازەی باب ئەلهەواوە لە باکووری ئیدلب، کە پێشتر لە کاتی هەوڵدانیان بۆ بەزاندنی سنوور و رۆشتنە ناو خاکی تورکیاوە دەستبەسەریان کردبوون.
بەپێی ئامارەکانی بەشی بەدواداچوون و بەبەڵگەکردنی نۆرس پرێس، لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵەوە تا ئێستا 37 کەس بە دەستی پاسەوانی سنووری تورکیا (جەندرمە) بریندار بوون کە 6 ژن و کچۆڵەیەکیان تێدایە.
کارگێڕێک لە دەروازەی باب ئەلهەوا بە پەیامنێرێکی نۆرس پرێسی راگەیاند، دەزگای ئەمنی سەر بە تەحریرشام سێ برینداریان لە لایەنی تورکی وەرگرتووەتەوە، ئەمە جگە لە 25 دەستبەسەری دیکە کە لە سنوورەکەدا دەستگیریان کردوون.
ئاماژەی بەوەشکرد، بریندارەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی دەروازەکە، لەکاتێکدا دەستگیرکراوەکان هێشتا لەژێر لێکۆڵینەوەدان و زانیارییە کەسییەکانیان لێ وەردەگیرێت و پشکنینیان بۆ کراوە، دوای ئەوەی پەنجەمۆر و چاپی چاویان وەرگیراوە لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە نەتوانن بگەڕێنەوە ناو خاکەکەیان.
سەرچاوەکە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە ئەمە دووهەم پرۆسەری رادەستکردنە لەم مانگەدا، هەفتەی رابردووش دەسەڵاتدارانی تورکیا 34 دەستگیرکراویان رادەستی هێزە ئەمنییەکان کرد لە دەروازەی باب ئەلهەوا، لە باکووری ئیدلب، لەکاتێکدا کە ژمارەی کۆچبەرانی سووریی کە هەوڵی پەڕینەوە دەدەن بۆ ناو خاکی تورکی بەردەوام لەزیادبووندایە.