بەڕێوبەریی خۆسەریی: هەڵوێستی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە هەمبەر بە بۆردوومانەکانی تورکیا رێگەخۆشکەرە بۆ زیادبوونی چالاکییەکانی داعش

رەققە – نۆرس پرێس

ئێوارەی دوێنێ سێشەممە، بەرپرسێکی بەڕێوبەریی خۆسەریی رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، هەڵوێستی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە هەمبەر بۆردومانەکانی تورکیا “هەلومەرجی گونجاو بۆ زیادبوونی چالاکییەکانی داعش دەرەخسێنێت”.

لە هەفتەی رابردووەوە تورکیا هێرشی توندی بۆ سەر ناوچە جیاکانی رۆژئاوای کوردستان دەستپێکردووە و دامەزراوە و ژێرخانی کردۆتە ئامانج، لە نێویاندا سەرچاوە گرنگەکانی نەوت و گاز و ئاو و کارەبا، بەپێی ئامارەکانی بەشی چاودێری و بەبەڵگەنامەکردنی نۆرس پرێس، لە سەرەتای هێرشەکانەوە بە فڕۆکە جەنگییەکان و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تۆپخانەکان، تورکیا 224 پێگەیان رۆژئاڤای بۆردومانکردووە.

ئامینە ئوسی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری بەڕێوبەریی خۆسەریی، رایگەیاند، کاراکتەرە گرینگەکانی ناو دۆسیەی سووریا “هێرشەکانی تورکیایان پشتگوێ خستووە”، کە بە “ناڕەوا” ناوزەدی کرد.

لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی ئەنجوومەنی جێبەجێکردن ئاماژەی بەوەشکردووە، کە بەڕێوبەریی خۆسەریی پەیوەندی بە بەرپرسانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش و رووسیاوە کردووە بۆ ئەوەی “ئاستی زیانەکانی ئەو دامەزراوە گرنگانەیان پێبگەیەنن کە خزمەتگوزاری پێشکەش بە کۆمەڵگا دەکەن”.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان