لە پێنجشەممەی ڕابردووەوە توركیا 224 شوێنی لە رۆژئاوای كوردستان بۆردومانکردووە

قامشلۆ – نۆرس پرێس

کۆی گشتی ئەو شوێنانەی کە لەلایەن هێزەکانی تورکیاوە لە رۆژئاوای كوردستان کراونەتە ئامانج، لە بەرەبەیانی پێنجشەممەی ڕابردووەوە تا ئێوارەی دوێنێ سێشەممە، گەیشتووەتە 224 شوێن.

لە هەفتەی ڕابردووەوە تورکیا هێرشی چڕی بۆ سەر ناوچە جیاجیكانی رۆژئاوای كوردستان دەستپێکردووە و دامەزراوە و ژێرخانەکانی ناوچەكەی کردۆتە ئامانج کە سەرچاوەیەکی گرنگی نەوت، گاز، ئاو و کارەبا بوون.

بەپێی داتاكانی بەشی چاودێری و بەڵگەكردنی ئاژانسی نۆرس پرێس شوێنە بە ئامانجگیراوەكان بەسەر 28 شوێنی ژێرخان، 150 شوێنی نیشتەجێبوون، 34 شوێنی سەربازی دابەشکراون، کە 21 شوێنی سەربازی هێزەکانی حکومەت، 7 زەوی کشتوکاڵی، 3 کارگەی پیشەسازی، قوتابخانەیەک و نەخۆشخانەیەکی گرتۆتەوە.

ئەم شوێنانە بە 304 هێرش کراونەتە ئامانج، کە 221 هێرش بە تۆپ و چەکی قورس و 25 هێرش بە فڕۆکەی سەربازی و 58 هێرش بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەنجام دراون.

ژمارەی قوربانیانی مەدەنی گەیشتۆتە 24 کەس لەو ژمارەیە 9 کەسیان شەهیدبوون کە ٢ ژنیان لەنێودا بوو، هەروەها 15 کەسیش بریندار بوون ، لەو ژمارەیەش 4 منداڵ و 3 ژن هەبوون، سەبارەت بە هێزە ئەمنییەکان ژمارەی قوربانییەكان گەیشۆتە 70 کەس، لەو ژمارەیەش 39 کەس شەهیدبوون و 31 کەسی دیکەش بریندار بوون کە 3 کەسیان لە هێزەكانی حکومەت بوون.

ژمارەی قوربانیانی بۆردومانەکە بەسەر ئەم شارانە و گوندەوارەكاندا دابەشکراوە: 29 شوێن لە قامشلۆ، 41 شوێن لە حەسەکە، 54 شوێن لە گوندەواری باکووری حەلەب، 13 شوێن لە دێرک، 49 شوێن لە عێن عیسا، 25 شوێن لە کۆبانێ، 7 شوێن لە منبج و 6 شوێن لە گوندەواری باشووری تەل ئەبیەز لە باکووری شاری ڕەقە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: ڕۆبن عومەر