واشنتن هۆشداری دەدات لە بەردەوامی هێرشەكانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان

دیمەشق – نۆرس پرێس

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوای پاراستنی هێڵەکانی ئاگربەست دەكات لە رۆژئاوای كوردستان و نیگەرانی خۆی لە کاریگەریی زیادبوونی بۆردومانەكان لەسەر خەڵکی مەدەنی و ژێرخانی ناوچەكە دەردەبڕێ.

ئەم لێدوانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا دوای زنجیرەیەک هێرشی توندی سوپای تورکیا دێت کە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دامەزراوە گرنگەکانی کردە ئامانج و لە چەند هێرشێكی تردا دەیان کارمەندی ئەمنی و هاووڵاتی مەدەنی لە ناوچە جیاجیاکانی رۆژئاوای كوردستان شەهید كرد.

لەمبارەیەوە ماتیۆ میلەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەمریکا نیگەرانە لە چالاکییە سەربازییەکان لە رۆژئاوای كوردستان و کاریگەرییەکانی لەسەر دانیشتوانی مەدەنی و ژێرخانی ناوچەكە.

هەروەها وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بە کاریگەرییەکانی ئەو هێرشانە لە سەر ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە داعش كرد، راشیگەیاند هەڵوێستی واشنتن نەگۆڕاوەو بەردەوامە لە پشتیوانیکردنی هێڵەکانی ئاگربەست و وەستاندنی توندوتیژییەکان.

لەلایەكی دیكەوە دوێنێ، مایکل مەککۆل سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، لە لێدوانێكدا بۆ نۆرس پرێس ڕایگەیاندبوو، داوای پاراستنی خەڵكی مەدەنی و دامەزراوە مەدەنییەکان دەكەین لە رۆژئاوای كوردستان.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکی جەختی لەسەر پێویستی پابەندبوون و رێزگرتنی هەموو لایەنەكان بە ئاگربەست و ڕاگرتنی هێرشە سەربازییەكان كردۆتەوە، لە پێناو بەرقەوراربوونی ئارامی زیاتر لە سووریا و کارکردن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێكی سیاسی بۆ ململانێیەکان.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبێر