ئەردۆغان نیگەرانی لە بڵاوەپێکردنی هێزەكانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و سوریا دەربڕێ
دیمەشق – نۆرس پرێس
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ناڕەزایی خۆی لە بڵاوەپێکردنی هێزەكانی ئەمریکا لە سوریا و ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست دەربڕێ و پرسیار لە هۆکارەکەی دەكات.
لە کۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ کارل نیهامیر سەرۆک وەزیرانی نەمسا ، ئەردۆغان باسی لە پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد لە دوای گرژییەكانی نێوان ئیسرائیل و حەماس، ئەردۆغان چەند پرسیارێکی کرد لەبارەی بڕیاری ئیدارەی ئەمریکا بۆ ناردنی هێزێکی دەریایی بۆ ناوچەکە بۆ پاڵپشتی ئیسرائیل.
سەرۆك كۆماری توركیا وتی: کەشتی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکی لە ئیسرائیل چی دەکات؟ وە بڕیارە چی بكرێت بەم هەموو كەشتی و فڕۆکە، ئەم وتانەی ئەردۆغان هاوکاتە لەگەڵ ڕاگەیاندنی هاتنی کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکی بۆ ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بۆ پشتیوانی لە ئیسرائیل لە شەڕی دژی حەماس.
سەبارەت بەم پرسیارە ئەردۆغان وەڵامی خۆی دایەوە و گوتی ئەوان لەوێ کۆمەڵکوژییەکی مەترسیدار ئەنجام دەدەن، بە پەلاماردان و لەناوبردنی غەززە و دەوروبەری.
هاوكات ئەردۆغان باسی لە بوونی هێزەكانی ئەمەریكا لە سووریا كرد و وتی زیاتر لە 20 بنکەی ئەمریکی لە سوریا هەیە، بەهەمان شێوە دەپرسێ بۆچی لەوێن؟ ئامادەکاری بۆ چی دەکرێت؟ سەرەرای وتاری دیبلۆماسی نێوان واشنتن و ئەنقەرە بەڵام پێدەچێت خستنەخوارەوەی فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانی توركیا لە هەفتەی رابردوو لە كاتی بۆردومانەكانی سوپای توركیا بۆسەر رۆژئاڤای كوردستان گرژی لە نێوانیان دروست كردبێت. ئەردۆغان ڕاشیگەیاند بەداخەوە ئەمریکا فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیای خستە خوارەوە. ئایا تورکیا هاوبەشی ئەمریکا نییە لە ناتۆ؟ ئایا پێکەوە نین؟ چۆن ئەمە ڕوون دەکەینەوە؟ چۆن ئەمە هەڵدەسەنگێنین؟
سەرۆک کۆماری تورکیا ڕەخنەی لە ئەمریکا گرت بۆ پشتگیری لە هێزەکانی سوریای دیموکرات کە هاوبەشی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییە لە شەڕی دژی داعش.