دواین ئامارەکانی بۆردوومانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاڤا.. بەئامانجگرتنی 209 پێگە
قامشلۆ – نۆرس پرێس
کۆی گشتی ئەو شوێنانەی کە لەلایەن هێزەکانی تورکیاوە لە رۆژئاوای کوردستان کراونەتە ئامانج، لە بەرەبەیانی پێنجشەممەی رابردووەوە تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، گەیشتووەتە 209 پێگە.
لە هەفتەی رابردووەوە تورکیا زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی لە دێریکەوە، لەوپەڕی رۆژئاڤاوە بۆ قامیشلۆ و حەسەکە و کۆبانێ و گوندەواری حەڵەب دەستیپێکردووە و دامەزراوەکانی غاز و ئاو و کارەبا و نەوتی کردۆتە ئامانج.
بە گوێرەی بەشی بەدواداچوون و بەبەڵگەکردنی نۆرس پرێس، شوێنە بەئامانج گیراوەکان بەمشێوە دابەش دەکرێن: 28 شوێنی ژێرخانیی، 136 شوێنی نیشتەجێبوون، 33 شوێنی سەربازی، کە 20یان پێگەکانی حکومەتی سوریان، 7 زەوی کشتوکاڵی، 3 کارگەی پیشەسازی، قوتابخانەیەک و نەخۆشخانەیەک.
ئەم شوێنانە بە 288 هێرش کراونەتە ئامانج، کە 207 هێرشیان بە تۆپ و چەکی قورس و 25 بە فڕۆکەی سەربازی و 56 بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بوون.
ژمارەی قوربانیانی سڤیل 24 قوربانی بووە، کە 9 کەسیان شەهید بوون، 2یان ژن بوون و 15 کەسیش بریندار بوون کە 4 منداڵ و 3 ژنیان تێدایە، سەبارەت بە قوربانیان لە ریزەکانی شەڕڤاناندا 67 کەس بووە، لەو ژمارەیە 39یان شەهید بوون و 28ی دیکەش بریندار بوون، هەروەها 3 ئەندامی هێزەکانی حکومەتیش برینداربوون.
ژمارەی قوربانیانی بۆردومانەکە بەسەر ئەم شار و گوندەوارانەدا دابەشکراوە: 29 شوێن لە قامیشلۆ، 41 شوێن لە حەسەکە، 48 شوێن لە گوندەواری باکووری حەڵەب، 13 لە دێریک، 42 لە عەین عیسا، 25 لە کۆبانێ، 7 لە مەنبیج و 4 لە گوندەواری باشووری گرێ سپی.