بریندارکردن و دەستبەسەرکردنی 29 کۆچبەری سووریی لە سەر سنووری تورکیا
ئیدلیب – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ سێشەممە، 5 کەس بە گولـلەی جەندرمەکانی تورکیا بریندار بوون و 24ی دیکەش لە کاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوە بۆ تورکیا لە سەرێ کانیێ لە رۆژئاوای کوردستان و سەلقین لە رۆژاوای ئیدلب لە باکووری رۆژئاوای سووریا دەستبەسەرکران، لە نێویاندا ژن هەبوون.
بەم ژمارە نوێیەی برینداران، ئاماری قوربانیان بە گولـلەی جەندرمەی تورکیا لەسەر سنووری سووریا، لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵەوە بۆ 19 کەس، لەو دوو ناوچەیەدا، بەرزبووەتەوە.
سەرچاوەیەک لە “شورتەی عەسکەری” هەڵسوڕاو لە لایەن تورکیاوە لە شاری سەرێ کانیێ بە نۆرس پرێسی راگەیاند، جەندرمە لە بەرەبەیانی ئەمڕۆدا گروپێکی کۆچبەریان کردە ئامانج، لەکاتێکدا هەوڵیان دەدا لە شارۆچکەی مەبروکەوە لە رۆژئاوای شارەکەوە دیواری سنووری لەگەڵ تورکیا ببڕن، ئەم پەلامارەش بووە هۆی برینداربوونی دوو کەس، کە یەکێکیان ژن بوو، ئەمە جگە لە دەستبەسەرکردنی 8 کەسی دیکە.
لە سەلقین لە رۆژئاوای ئیدلب، نیوەشەوی دوێنێ، سێ کەس بە گولـلەی جەندرمە بریندار بوون و 16ی دیکەش لەکاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوە بەرەو تورکیا دەستبەسەرکران.
سەرچاوەیەکی ئیداری لە پۆلیسی سەلقین کە لەلایەن دەستەی تەحریرشام (نوسرەی پێشوو)ەوە بەڕێوەدەبرێت، رایگەیاند، جەندرمەکان بریندارەکان و دەستگیرکراوەکانیان گواستووەتەوە بۆ ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن بۆ لێکۆڵینەوە.
جگە لەوەش، دوێنێ دووشەممە، دەسەڵاتدارانی تورکیا لە رێگەی دەروازەکانی باب سەلامە و باب ئەلهەواوە لە باکووری سوریا، 650 پەنابەری سوورییان دیپۆرتکردەوە، کە ژن و منداڵیشیان تێدا بوو.
سەرچاوە ئیدارییەکانی دەروازەی باب ئەلسەلامە لە باکووری شاری حەڵەب بە نۆرس پرێسیان راگەیاند، دەسەڵاتدارانی تورکیا 260 کەسیان رادەستی میلیشیا چەکدارەکانی ئەو دەروازەیە کردووەتەوە، دواتریش گواستراونەتەوە بۆ ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن بۆ لێپرسینەوە.
لەکاتێکدا دەستەی تەحریر شام لە رێگەی دەروازەی باب الهەواوە 390 پەنابەری دیپۆرتکراوەیان وەرگرتووەتەوە، کە ژن و منداڵیشیان تێدایە، بەپێی هەمان سەرچاوە.
سەرچاوەکان لە ناو دەروازەکانی باب ئەلسەلامە و باب ئەلهەوا و گرێ سپییەوە بۆ نۆرس پرێس ئاماژەیان بەوە کردووە کە ژمارەی ئەو پەنابەرە سوورییانەی کە بە زۆر دیپۆرتکراونەتەوە لە سەرەتای ئەم مانگەوە گەیشتووەتە نزیکەی 3800 پەنابەر.