چوارەم رۆژی جەنگی حەماس و ئیسرائیل.. ژمارەی کوژراوان بەرزبووەتەوە و سەرنج لەسەر دیلەکانە
قامشلۆ – نۆرس پرێس
لە رۆژی شەممەی رابردووەوە ژمارەی کوژراوانی فەلەستینی و ئیسرائیلییەکان بۆ نزیکەی 1600 کەس بەرزبووەتەوە، کە کەرتی غەزە هێرشێکی لەناکاوی لە بەهێزترین قۆناغەکانی ململانێکەدا لە ناوچەکە بەخۆوەبینی و کاردانەوەی نێودەوڵەتی گەورەی لێکەوتەوە.
ئیسرائیل دوای هێرشێکی کتوپڕی فرە بەرە، بە سەرۆکایەتی بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەزە، لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و گلایدەرەوە بە چوونە نێو خاکی ئیسرائیلەوە و لەنگەری کەشتییە پلاستیکییەکانەوە لە کەناراوەکانی ئیسرائیلدا، چوارەم رۆژی جەنگی بەرێکرد.
ئەمڕۆ سێشەممە، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند کە ئیسرائیل کۆنترۆڵی پەرژینە سنوورییەکانی کەرتی غەزەی کردووەتەوە کە چەکدارانی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستین لێیانەوە دزەیانکردبووە نێو وڵاتەکەوە.
لە لێدوانەکانیدا کە لە رادیۆی سوپای ئیسرائیلەوە پەخشکرا، ئەمیڕاڵ دانیال هاگاری، گوتەبێژی سەربازی رایگەیاند کە لە دوێنێ دووشەممەوە هیچ دزەکردنێکی نوێ لە غەززەوە رووینەداوە.
لەو هێرشەدا زیاتر لە 900 کەس لە لایەنی ئیسرائیلی کوژران و سێ رۆژی رابردووش خوێناویترین رۆژەکانی مێژووی ململانیکە بوون.
ئیسحاق هرتزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل گوتی: “لە دوای هۆلۆکۆستەوە تا ئێستا ئەوەندە جولەکە لە یەک رۆژدا نەکوژراون”.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، کوژرانی 11 ئەمریکی لە هێرشەکانی حەماسدا بۆ سەر ئیسرائیل پشتڕاستکردەووە.
لە بەرامبەر هێرشەکەدا ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی و دەریایی دەستپێکرد، کە میدیاکانی ئەو وڵاتە باس لەوە دەکەن زیاتر لە 680 فەلەستینی لە غەزە کوژراون، کە ناوچەیەکە دوو ملیۆن و 300 هەزار کەسی تێدا دەژی.
بەگوێرەی ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، لەلایەن ئاژانسی “وەفا”ی هەواڵ و زانیارییە فەلەستینییەکانەوە بڵاوکرایەوە، دوو رۆژنامەنووسی فەلەستینی کوژران و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون، لەکاتی رووماڵکردنی بۆردومانی فڕۆکەکانی ئیسرائیلدا بۆ سەر باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە گەڕەکی ئەلریمال لە رۆژئاوای شاری غەزە.
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە چەند کاتژمێری رابردوودا فڕۆکە جەنگییەکان و کەشتییە جەنگییەکانی سەر بە سوپای ئیسرائیل بۆردومانی زۆرێک لە ئامانجەکانیان لە سەرتاسەری کەرتی غەزە کردووە.
بەگوێرەی راگەێنراوی سوپاکە، دەیان فڕۆکەی جەنگی لە شەوێکدا هێرشیان کردووەتە سەر زیاتر لە 200 ئامانج لە سەرتاسەری گەڕەکەکانی ئەلریمال و خان یونس.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، نووسینگەی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، هێرشە ئاسمانییەکانی رژێمی زایۆنی بۆ سەر غەززە 790 یەکەی نیشتەجێبوونیان لەناوبردووە و زیانێکی زۆریان بە 5330 یەکەی نیشتەجێبوونیش گەیاندووە.
جگە لەو ژمارە زۆرەی کوژراوان، نیگەرانییەکان لە چارەنووسی زیاتر لە 100 کەس کە لەلایەن حەماس و میلیشیا دڵسۆزەکانی سەر بە حەماسەوە لە غەزە بەدیل گیراون، زیاتر دەبێت.
لەگەڵ تێپەڕبوونی سێ رۆژ بەسەر شەڕە لەناکاوەکەدا، باس لە گرتنی بارمتە و کوشتنیان لە نەتەوە جیاوازەکان لە زیادبووندایە و تایلەند زۆرترین پشکی لەوەدا بەرکەوتووە.
ئەمڕۆ گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تایلەند رایگەیاند، بەهۆی نائارامییەکانی ئیسرائیلەوە 18 هاووڵاتی تایلەندی کوژراون.
رۆژنامەی “تایمز ئۆف ئیسرائیل” بڵاویکردەوە، ئەفسەرەکان خۆیان ئامادە دەکەن بۆ ئاگادارکردنەوەی 100 خێزان کە رۆڵەکانیان لەلایەن حەماسەوە بە بارمتە گیراون و لە غەزە دەستبەسەرکراون.
ئەمە جگە لەوەی دوێنێ حەماس هەڕەشەی کوشتنی دیلی ئیسرائیلی کرد، لە بەرامبەر هەر بۆردوومانێکی ئەو وڵاتەدا بۆ سەریان.
بەپێی راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ ئێلی کۆهین، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل گوتووێژیان کردووە و هەوڵەکان بۆ دەستەبەرکردنی دەستبەجێی ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان تاوتوێ کراون.
وەزارەتەکە لە راگەینراوێکی جیادا گوتیان، بلینکن لەگەڵ کاترین کۆلۆنا، وەزیری دەرەوەی فەرەنساش قسەی کردووە، ئەوانیش سەرکۆنەی هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دووپات دەکەنەوە.