لە سنووری نێوان سوریا و ئێران میلیشیاکانی سەر بە ئێران بۆردوومان کران

دێرەزوور – نۆرس پرێس

نیوەشەوی شەوی دوێنی فڕۆکە نەناسراوەکان چەند بارەگا و خاڵێکی میلیشیاکانی سەر بە ئێرانیان لە سنووری نێوان سوریا و عێراق کردە ئامانج، هەروەها گوندەواری بوکەمالیشیان لە دێرەزوور لە رۆژهەڵاتی سوریا، بۆردوومان کرد.

سەرچاوەیەکی سەربازی لە لیوای قودسی لایەنگری ئێران رایگەیاند، فڕۆکەیەکی نەناسراو بە هێرشێکی ئاسمانی دەروازەی سنووری “ئەلسک”ی نێوان سوریا و عێراقی کردە ئامانج کە بەدەست “سوپای پاسدارانی ئێران”ەوەیە.

لە 3ی ئۆکتۆبەردا بارەگا سەربازییەکانی میلیسیاکانی لایەنگرەکانی ئێران بۆردومانێکی توند کران، کە هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی خۆی لێ رانەگەیاند، بەڵام حکومەتی سوریا رایگەیاند کە ئەوە “دەستدرێژییەکی ئیسرائیلە”.

ئەو سەرچاوەیە بە نۆرس پرێسی گوت، فڕۆکەکان لە هەڵمەتێکی دیکەدا ناوچەی پشتێنەی سەوزیان کردووەتە ئامانج، کە بارەگاکانی “سوپای پاسدارانی ئێران”ی لێیە، هەروەها خاڵێکی سەربازیی “لیوای قودس”یان کردووەتە ئامانج، لە چواردەووری شارۆچکەی “ئەلهوڕی” لە گوندەواری بوکەمال.

بەپێی هەمان سەرچاوە، فڕۆکەکان لانیکەم پێنج هێرشی ئاسمانییان لە ناوچەی ئەلقائیمی عێراق، لەسەر سنووری سوریا و عێراق ئەنجامداوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، قوربانی و بریندار و زیانی ماددی هەبووە، کە ئەو سەرچاوەیە بە ژمارە ئامارەکانی لەبەردەستدا نەبوو.

ئامادەکردنی: عومەر عەبدولڕەحمان – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان