بەهۆی بۆردوومانێکی تورکیاوە بۆ سەر گوندەواری عەین عیسا دوو منداڵ گیانیان لەدەستدا
عەین عیسا – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ دووشەممە، بەهۆی بۆردومانکردنی هێزەکانی تورکیا و میلیشیا چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سەر بەوانەوە، بۆ سەر گوندەکانی گوندەواری عەین عیسا، دوو منداڵ گیانیان لەدەستدا.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، هێزەکانی تورکیا چواردەووری شارۆچکەی عەین عیسایان بۆردومان کرد، ئەمەش لە چوارچێوەی هێرشە بەردەوامەکانی تورکیادا دێت بۆ سەر رۆژئاڤا، کە لە پێنجشەممەی رابردووەوە دەستیانپێکردووە، لە کاتێکدا تورکیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تۆپخانە رۆژئاوای کوردستان دەکاتە ئامانج و لە ئەنجامدا دەیان قوربانی و وێرانکردنی دامەزراوە و ژێرخانی ناوچەکەی لێکەوتووەتەوە.
دانیشتوویەکی شارۆچکەی عەین عیسا رایگەیاند، ئەو دوو منداڵە، کە ئامۆزای یەکترن، نادیە ئەلعەیاش (8 ساڵ) و عەلی ئەلعەیاش (6 ساڵ) بوون، کە لە ئەنجامی تۆپبارانی تۆپخانەکانی تورکیا بۆ سەر گوندی ئەلمەستوورە، لە باکووری رۆژئاوای شارۆچکەی عەین عیسا، شەهیدکران.
ئاماژەی بەوەشکردووە، تۆپبارانەکەی تورکیا، گوندەکانی دانیشتووانی سەر هێڵی بەرکەوتن لە گوندەواری عەین عیسایان کردووەتە ئامانج.
شەممەی رابردووش، بەهۆی تۆپبارانی هێزەکانی تورکیا و میلیشیا چەکدارەکانی سەر بەوانەوە، بۆ سەر گوندی ئەلخالیدیە لە گوندەواری رۆژئاوای عەین عیسا، ژنێک گیانی لەدەستدا و هاوسەرەکەی برینداربوو.