مەزڵوم عەبدی: بەئامانج گرتنی ئەکادیمیای ئاسایشی ناوخۆ لە دێریک تاوانێکی دڕندانەیە
ژووری هەواڵ – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ دووشەممە، جەنەڕاڵ مەزلوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات، بە ئامانجگرتنی ئەکادیمیایەکی سەر بە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ (ئاسایشی رۆژئاڤا)ی لەلایەن تورکیاوە بە تاوانێکی دڕندانە و پێشێلکردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤ ناوبرد.
چەند کاتژمێرێک لەمەوبەر، بەڕێوبەریی خۆسەریی لە راگەێنراوێکدا سێ رۆژ ماتەمینی بۆ شەهیدبوونی 29 ئەندامی هێزەکانی ئاسایش راگەیاند، کە لە بۆردومانێکی تورکیادا بۆ سەرئەکادیمیای هێزەکانی رووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی لە شاری دێریک، ئێوارەی دوێنی شەهید بوون.
عەبدی لە پۆستێکدا لە تۆڕی جڤاکی X رایگەیاند، “شەهیدبوونی 29 ئەندامی هێزەکانی روبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەرەکان، بەهۆی بەئامانجگرتنی ئەکادیمیای ئاسایشی ناوخۆ لەلایەن داگیرکەری تورکیاوە لە دێریک، تاوانێکی دڕندانەیە کە ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت، هەروەها پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، هێزەکانی ئاسایشی رۆژئاڤا دامەزراوەیەکی سڤیلن وهاوپەیمانی نێودەوڵەتی پاڵپشتییان دەکات بۆ بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری بۆ ناوچەکە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە بەرامبەر دەستدرێژی و هێرشەکانی تورکیادا بۆ سەر ناوچەکان و دانیشتوانی رۆژئاڤا، هیچ لێبوردەیییەک نییە و بەرگری لە مافی رەوای خۆمان دەکەین دژ بەو هێرشانە بۆ سەر ناوچەکانمان.
لەکۆتایی تویتەکەیدا سەرەخۆشی خۆی دەربڕی بۆ لەدەستدانی ئەو هەڤاڵانە، کە لە بۆردومانەکەی سەر ئەکادیمیاکەدا، لە دێریک شەهید بوون، داواشی لە هەموو لایەک کرد لە گەڵ کەسوکاریان بوەستن و بەشداری مەراسیمی فەرمیدا بکەن بۆ رێزلێنانیان.