دانیشتوانی قامشلۆ داوا لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەكەن كار بۆ راگرتنی هێرشەكانی توركیا بكەن
قامشلۆ – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ یەکشەممە، سەدان کەس لە دانیشتووانی شاری قامشلۆی رۆژئاوای كوردستان لە بەردەم كۆمیسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان لەو شارە ،دژی هێرشەكانی توركیا ناڕەزایەتییان دەربڕی.
سەدان کەس لە دانیشتووانی شاری قامشلۆ لە بەردەم كۆمیسۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان گردبوونەوە و داوایان لە وڵاتانی ئەوروپا و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کرد هێرشەکانی توركیا بۆ سەر ناوچەکانی رۆژئاوای كوردستان ڕابگرن و هەڵوێستی خۆیان سەبارەت بەم هێرشانە هەبێت کە مەبەست لێی لێدانە لە ژێرخانی ناوچەكە.
شیرین یوسف، دانیشتووی شاری قامشلۆیە، بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ چووینە لەبەردەم کۆمیسیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەوەی دەنگی خۆمان بگەیەنین بۆ ئەوەی تورکیا نەتوانێت بەردەوام بێت لە هێرشەکانی و بە ئامانجگرتنی ژێرخانی ناوچەکان لە رۆژئاوای كوردستان.
وتیشی: تورکیا ڕاستەوخۆ بە چەک و فڕۆکەی جەنگی، دامەزراوەکانی وەک وزە، ئاو، و کارەبا بە ئامانج دەگرێت.
جەختیشی کردەوە، بەردەوام دەبن لە چوونە دەرەوە بۆ گۆڕەپانەکان و داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەكەن بڕیار و هەڵوێستیان هەبێت سەبارەت بەم هێرشانە و ڕێگری لە تورکیا بكەن بۆ ڕاگرتنی ئەو كارە نامرۆڤانەیە.
لای خۆیەوە عائیدە خەلیل دانیشتووی شاری قامیشلۆ دەڵێت: ئەمڕۆ لەگەڵ سەرجەم پێکهاتەکانی ناوچەکە کۆبووینەوە بۆ ئەوەی پەیامێک بە كۆمیسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان و هەموو جیهان بگەیەنین کە تورکیا پێکهاتە و مەزهەبەکانی ناوچەکە دەکاتە ئامانج .
ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانجی تورکیا لە هێرشەکانیدا لێدانی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکانی رۆژئاوای كوردستانە، بۆیە داوا دەکەین و بانگەواز بۆ ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و وڵاتانی گەرەنتیكاری ئاشتی دەکەین ڕێگری لە تورکیا بکەن لە درێژەدان بە هێرشەکانی و لێدان لە دامەزراوە گرنگەکان.
لە هەفتەی ڕابردووەوە تورکیا دەستیکردووە بە ئامانجگرتنی شوێن و دامەزراوە گرنگەکانی رۆژئاوای كوردستان، وەکو بیرەكانی نەوت و دامەزراوەکانی وزە و کارەبا.