مەزڵوم عەبدی: هێرشەکانی تورکیا بە ئامانجکردنی هەوڵەکانی بهڕێوهبهری خۆسەری و هەوڵە نێودەوڵەتییەکانی بۆ تێکشکاندنی “داعش”
ژووری هەواڵ – نۆرس پرێس
جەنەڕاڵ مەزلوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات رایدهگهیاند، هێرشهكانی توركیا بە ئامانجگرتنی توانا و هەوڵەکانی بهڕێوهبهریی خۆسەریی و هەوڵە نێودەوڵەتییەکان و کاری رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و دامەزراوە مەدەنییەکانه کە کاریان بۆ هێنانهكایهی سەقامگیری و خزمەتكردن بە دانیشتوانی ناوچەکە كردووه دوای شکستهێنانی داعش.
به گوێرهی زانیاریهكانی بەشی چاودێری و بەبەڵگەکردنی نۆرس پرێس، کۆی گشتی ئەو شوێنانەی کە لەلایەن هێزەکانی تورکیاوە کراونەتە ئامانج لە ناوچە و شارەکانی رۆژئاوای كوردستان، لە بهیانی رۆژی پێنجشەممەی رابردووەوە تا ئەمڕۆ یەکشەممە، گەیشتووەتە 146 شوێن، کە زۆربهیان کاریگەرییان لەسەر ژێرخان و دامەزراوە گرنگەکان و بیرەکانی نەوت و گاز هەبووە.
عەبدی لە تویتێکدا له تۆڕی كۆمهڵایهتی ئێكس رایگەیاندووە، لە ماوەی 72 کاتژمێردا تورکیا ناوچە ئارامهكانی ئێمەی لە زیاتر لە 145 شوێن بۆردومان کرد کە بریتی بوون لە وێستگەکانی کارەبا و ئاو و وزە، نەخۆشخانە و قوتابخانەکان.
ئاماژەی بەوەشکردووه، هێرشەکەی ئەم دواییەی تورکیا ڕاستەوخۆ هەوڵ و تواناکانی بهڕێوهبهری خۆسەری کردە ئامانج بە نیازێكی سیاسی شەڕانگێزانە بۆ ئیفلیجکردنی ژیانی مەدەنی. ڕاشیگهیاندووه ئهو هێرشانه بەئامانجگرتنی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان و کاری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و دامەزراوە مەدەنییەکانە بۆ هێنانهكایهی سەقامگیری و خزمەتكردن بە دانیشتوانی ناوچەکە دوای شکستهێنانی داعش.
فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە تویتەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە هێرشەکانی ئەم دواییەی تورکیا و تێکدانی ژێرخانی ئابووری رۆژئاوای كوردستان تاوانی جەنگه و ناتوانرێت بە کەمتر لەوە ناوزەد بکرێت.
ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: سەعد ئەلیازچی