نێرگز موحەمەدی لە ناو زیندانەکانی ئێرانەوە بووە بە خاوەنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ئەمساڵ
هەولێر – نۆرس پرێس
بەهۆی کارەکانی لە بواری مافەکانی ئافرەتان، خەڵاتی نۆبڵی ئەمساڵ 2023 بۆ ئاشتیی، بەخشرایە چالاکوانی ئێران، نێرگز موحەمەدی کە لە زیندانەکانی رژێمی ئێراندا دەستبەسەرە.
لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن لیژنەی نۆبڵی نەرویجەوە، ئاماژە بەوە کرا، “بەهۆی خەباتی لە پێناو ژنانی ستەمدیدە لە ئێران، خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی دەبەخشرێت بە نێرگز موحەمەدی”.
هەروەها جەخت لەوە کراوەتەوە، کە نێرگز موحەمەدی خەباتی کردووە بۆ ئەوەی هەمووان هانبدات بۆ ماف و ئازادییەکانی مرۆڤ.
باس لەوەیش کراوە، کە خەباتی بوێری نێرگز موحەمەدی لەپێناو مافەکانی مرۆڤ باجی زۆری بۆ داوە و لە ئێران 13 جار دەستگیرکراوە، پێنج بڕیاری سزای بۆ دەرکراوە و سزای زیندانی 31 ساڵی بەسەردا سەپێندراوە.
لە راگەیەندراوەکەدا تیشک خراوەتە سەر ئەوەی کە نێرگز موحەمەدی “جەنگاوەرێکی بەرگرییکاری مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە”.
ئەوەش خراوەتەڕوو، کە “لە پای ئەو خەباتە بوێریانەی لە پێناو مافەکانی مرۆڤ و ئازادی و دیموکراسیی لە ئێران کردوویەتی، (لیژنەکە) ویستی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتیی پێ ببەخشێت و رێزی ڵێ بگرێت. لە هەمان کاتدا، خەڵاتی ئاشتیی ئەمساڵ دەبەخشرێتە ئەو سەدان هەزار کەسەی لە ساڵی رابردوودا دژی جیاکاری و سیاسەتی سەرکوتکردنی رژێمی تیۆکڕاتیک کە ژنانی کردبووە ئامانج، خۆپیشاندانیان سازکرد.”
بە گوێرەی راگەێنراوی لیژنەی نۆبڵ: “ئەو خەڵاتەی بەخشرایە نێرگز موحەمەدی درێژەپێدەری نەریتێکی ڕەگداکوتراوە بەو کەسانەی کار دەکەن لە پێناو بەرەوپێشبردنی دادپەروەری کۆمەڵایەتیی و مافی مرۆڤ و دیموکراسییدا، ئەمانە پێشمەرجی گرنگن بۆ ئاشتیی درێژخایەن”.
لە ساڵی 2022 بی بی سی وەک یەکێک لە 100 ژنە ئیلهامبەخش و کاریگەرەکانی جیهان راگەیاند و ئەمساڵیش لیژنەی نۆبڵی نەرویج خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بە محەمەدی بەخشی.
نێرگز محەممەدی کە ئێستا لە بەندیخانەیە، گوتەبێژ و جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤی ئێرانە و پێشتریش لە ساڵی 2009دا خەڵاتی نێودەوڵەتیی ناوەندی ئەلکساندرا لانگری پێبەخشراوە.
پێشتریش شیرین عیبادی، ژنە پارێزەری ئێرانی و چالاکی مافی مرۆڤ کە ئێستا سەرۆکی ئەنجومەنی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤی ئێرانە، لە ساڵی 2003دا خەڵاتی نۆبلی ئاشتیی پێ بەخشرابوو.
نێرگس محەممەدی، لە ساڵی 2015وە تا ئێستا تەنیا ساڵێک لە دەرەوەی زیندان بووە و ئێستاش هەر لە زیندانە. بنەماڵەکەی هیوادارن، بردنەوەی خەڵاتی نۆبڵ ببێتە هۆکاری ئەوەی نێرگس زووتر لە زیندان بێتە دەرێ. هەرچەند کۆماری ئیسلامیی ئیران ڕایگەیاندووە نێرگز چەندین جار یاسای پێشێل کردووە و دانی ئەم خەڵاتە بەو، دەستوەردانە لە کاروباری ئێران.
تەقی ڕەحمانی، هاوسەری نێرگز محەممەدی لەبارەی بردنەوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی لەلایەن هاوسەرەکەیەوە دەڵێت: “ئەم خەڵاتە ئەرکەکانی نێرگز زیاتر و قورستر دەکات. سەرنجەکان بەرەو ئێران ڕادەکێشێت. لەبەر ئەوەی خەڵاتەکە بە کەسێک دراوە کە لە زیندانە و لەگەڵ ئەویش ژمارەیەکی زۆر ژن و پیاو لە زیندانن. لە ڕاستیدا ئەم خەڵاتە دراوە بە بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی. خەڵاتەکەش هەر بە ناوی ژن ژیان ئازادییەوە ڕاگەیەندرا”.
عەلی محەممەدی، کوڕی تەقی و نێرگز کە تەمەنی 16 ساڵە، پاش ئەوەی دایکی لە ساڵی 2015 لە ئێران زیندانی کرا، لەگەڵ خوشکەکەی چوونە فەڕەنسا و لەوکاتەوە لەگەڵ بابیان دەژین. ئەو دەڵێت، ئەم خەڵاتە تەنیا هی دایکی نییە، بەڵکوو هی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادییە.
کوڕەکەی نێرگز محەممەدی دەشڵێت: “من زۆر شانازی بە دایکمەوە دەکەم لەبەر ئەوەی ئەو شیاوی ئەم خەڵاتەیە؛ ئەم خەڵاتە بۆ کارێکە کە دایکم نیوەی تەمەنی خۆی لەسەر داناوە. ئەم خەڵاتە تەنیا بۆ دایکم نییە، بۆ خەباتە، بۆ ژن، ژیان و ئازادییە تەنانەت گەورەتریشە”.
نێرگز لە زیندانە و ڕۆژنامەنووسان سەرنجیان چووەتە سەر بنەماڵەکەی. ئەوان لە دوو رۆژی ڕابردوودا و پاش ڕاگەیاندنی هەواڵەکە، بەردەوام دەبێت وڵامی ڕۆنامەنووسان بدەنەوە. کیانای شازدە ساڵە و زیاتر لە حەوت ساڵە لەگەڵ براکەی چوونەتە فەڕەنسا؛ دەڵێت، “جیا لەوەی زیاتر لە حەوت ساڵە لە دایکیان دوورن، زیاتر لە ساڵێک و نیوە نەیانتوانیوە قسەشی لەگەڵ بکەن”.
کیانا ئاماژە بەوەش دەکات، “دایکم ناتوانێ نامەمان بۆ بنێرێت. ئێمەش هەوڵمان نەداوە بۆی بنێرین، چونکە پێمان وایە ئەوان نامەکانی نادەنێ. نازانم، من هیچ کات هەوڵم نەداوە نامەی بۆ بنێرم. ئێمە ساڵێک و نیوە و ئەوە بۆ دوو ساڵ دەچێ نەمانتوانیوە ڕاستەوخۆ قسەشی لەگەڵ بکەین”.